بەهۆی بەفربارینەوە دەروازەی سەرزێڕ لە سنووری دهۆک داخرا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەفربارینەوە دەروازەی سەرزێڕ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان داخرا. بەڕێوەبەری دەروازەکە دەڵێ، تاوەکو سبەی بە داخراوی دەمێنێتەوە و ئەگەر کەشوهەوا ئاسایی بووەوە، ئەو کاتە بڕیاری کردنەوەی دەدەن.
عیرفان سولێمان، بەڕێوەبەری دەروازەی سەرزێڕ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە لە هەردوو دیوی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستانی دەروازەکە، لە بەیانیی ئەمڕۆوە هاتووچۆ لە دەروازەکەوە نەبوو، بەڵام نزیکەی 40 ئۆتۆمبێل لەهەردوو دیو مابوون و هەموویان دەربازکران.
عیرفان سولێمان رایگەیاند، دوای نیوەڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەکە لە سنووری تورکیا قسەیان کرد و پێکەوە بڕیاریاندا لە کاژێر 15:00ەوە دەروازەکە دابخرێ.
لەبارەی کاتی کردنەوەی دەروازەکە، بەڕێوەبەری دەروازەی سەرزێڕ گوتی، بڕیاردراوە تاوەکو سبەی بەیانی داخراو بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی چاودێریی کەشوهەوا دەکەن و ئەگەر دۆخەکە باش بوو، ئەو کاتە بڕیارێکی دیکە دەدەن.
بەفرێکی زۆر لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک دەبارێ و حازم عومەر، بەرێوەبەرى چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانی دەرەوەی شار لە پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگەی هەموو گوندەکانی سنووری ئامێدی داخراون.
حازم عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەی دهۆک - ئامێدی، دهۆک- ئەترووش و دهۆک - باتیفا داخراون.
ئەو بەرپرسەی رێگەوبانی دهۆک باسی لەوە کرد، هەشت تیمیان کاردەکەن بە مەبەستی کردنەوەی رێگەکان.