بەرگریی شارستانیی سۆران: سێ پاسی گەشتیاری و 50 ئۆتۆمبێل بەهۆی بەفربارینەوە گیریانخواردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، 3 پاسی گەشتیاریی هاووڵاتییانی عەرەب و 50 ئۆتۆمبێل لەنێو بەفردا گیریانخواردووە و پێویستیان بە رزگارکردنی بەپەلەیە. قایمقامی سیدەکان دەڵێ، تەواوی رێگەکانی سنوورەکە داخراون.
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وێڕای هۆشدارییەکان، خەڵکێکی زۆر چووەتە نێو بەفر. ئێستا سێ پاسی گەشتیاریی هاووڵاتییانی عەرەب و 50 ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانییان لەنێو بەفردا گیریان خواردووە".
میراودەلی گوتی: "تیمەکانمان سەرقاڵی راماڵینی بەفرەکەن بۆ کردنەوەی رێگە و رزگارکردنی ئەو کەسانە. داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، گەشتی نێو بەفر نەکەن، چونکە رێگەکان مەترسیدارن".
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواوی رێگەکانی سنوورەکەمان بەهۆی بەفرەوە هاتووچۆ تێیاندا وەستاوە و هەرکەس لەو رێگەیەدا بووبێ گیریخواردووە".
قایمقامی سیدەکان گوتی: "داواکارین کەس سەردانی ناوچەکانمان نەکات؛ رێگەکان بەهۆی بەفرەوە داخراون".
لە بەیانی ئەمڕۆوە لە زۆرینەی ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەفربارین دەستیپێکردووە.