ئەفسەرێکی پاسەوانی سنوور لە سنووری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان رەقبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی بانە دەڵێ، ئەفسەرێکی پاسەوانی سنوور رەقبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد محەممەد رەزایی، قایمقامی شاری بانەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، ئەفسەرێکی پاسەوانی سنوور بە سەرما گیانی لە دەستدا."
 
ئەحمەد محەممەد رەزایی گوتی: "ئەو ئەفسەرە ناوی رەحیم مەجیدی میهر، خەڵکی پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەدە."
 
ئەحمەد محەممەد رەزایی ئاماژەی بەوەشکرد: "چوار کەسی دیکەش لەگەڵ ئەو ئەفسەرە بوون کە لە لایەن تیمی فریاگوزارییەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە."
 
لە رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووتەوە و لە هەندێک ناوچە زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە.
 
بەپێی کەشناسی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەپۆلەکە تاوەکو کۆتایی رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێ.