ئەو پێنج هاونیشتمانییەی لە شنۆ بەهۆی بەفربارینەوە ون ببوون چارەنووسیان ئاشکرا بوو

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی پێنج هاونیشتمانی سنووری شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێن بوون، کەسوکاریان دەڵێن، چارەنووسیان ئاشکرا بووە و زیندوون.
 
شەوی دووشەممە کەسوکاری ئەو پێنج هاونیشتمانییە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "چارەنووسی پێنج کەسەکە ئاشکرابوو و لە دۆڵێکدا ماونەتەوە و هەموویان زیندوون".
 
بەگوتەی کەسوکارەکەیان، بەهۆی بەردەوامیی بەفربارین و خراپیی دۆخی کەشوهەواوە، ئەمشەو ئەو پێنج هاونیشتمانییە لە دۆڵەکەدا دەمێننەوە و سبەی تیمە فریاگوزارییەکان بەهانایانەوە دەچن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە دوای دوو شەو مانەوە، 19 هاونیشتمانی لە چیاکانی سنووری قەزای سیدەکان رزگارکران کە 11 یان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
 
ئەو هاونیشتمانییانە مەڕ و ماڵاتیان بردبووە کوێستانەکانی خنێرە لە سنووری سیدەکانی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی ئەمڕۆ رزگارکران، گەڕانەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. 
 
کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە ئاگاداربوون کە ئەو کەسانە چوونەتەوە نێو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دوای ماوەیەک دیار نەمان. 
 
دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین زۆرینەی کوردستانی گرتووەتەوە.