لە ورمێ و لوڕستان بەفر رێگەی 60 گوندی داخستووە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی ورمێ و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەی 59 گوند کە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە داخرابوو، لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانەوە کرایەوە. رێگەی 60 گوندی سەر بە شاری ئەلیگودەرزی لوڕستانیش هێشتا بە داخراوی ماوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، مەهدی ئەداوی، قایمقامی ئەلیگودەرز رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە بارینی بەفر و کرێوە رێگەی 90 گوندی سنوورەکەی داخست، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانیان رێگەی 30 گوند کراوەتەوە.
قایمقامی ئەلیگودەرز گوتیشی، هێشتا رێگەی 60 گوند بە داخراوی ماوەتەوە و هەوڵدانی تیمەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی ئەو گوندانەش بەردەوامە.
بە گوتەی مەهدی ئەداوی، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، رێگەی ملەی بادۆش لە سنووری ئەلیگودەرز داخراوە و لەبەر ئەوەی بارینی بەفر و کڕێوە لە سنوورەکە بەردەوامە، کردنەوەی رێگەکە ئەستەمە.
قایمقامی ئەلیگودەرز ئەوەشی خستەڕوو، کە لە بەشێکی ناوچەکە تۆڕی تەلەڤیزیۆن و تەلەفۆن بڕاوە، هەروەها کارەبای ژمارەیەک لە گوندەکانیش پچڕاوە، بەڵام بەهۆی داخراوبوونی رێگەکان، زانیاریی وردیان لەوبارەوە لەبەردەست نییە.
رێگەی 29 گوند لە ورمێ کرایەوە
ئەرسەلان شۆکری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگای ورمێ دەڵێت، رێگەی 29 گوندی پارێزگاکە کە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە داخرابوو، لە لایەن تیمەکانیانەوە کرایەوە.
بە گوتەی ئەرسەلان شۆکری، لە 24 کاژێری رابردوودا تیمەکانیان بە گشتی دوو هەزار و 888 کیلۆمەتر لە رێگە سەرەکییەکانی نێوان شارەکان و گوندەکانی پاریزگای ورمێیان لە بەفر راماڵیوە.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی پارێزگای ورمێ هۆشداری دەداتە شۆفێران و دەڵێت، بەهۆی بەفر، سەرما و خلیسکبوونی رێگەوبانەکان، تەنیا لەکاتی ''زۆر پێویست''ـدا هاتووچۆ بکەن و بەبێ کەلوپەلی وەک زنجیری تایە، نەکەونە رێگە.
لە لایەکی دیکە، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 377 کەس کە لە شوێنە جیاجیاکانی پارێزگاکە لە بەفردا گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانمانەوە رزگار کراون.