سەرۆکی پەرلەمان : ماڵپەڕی پەرلەمان بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵک بەکارهێنراوە

رووداو-هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیێنراوێک بەناوی لیژنەیەکی پەرلەمانی کوردستانەوە لەبارەی دۆسیەی مەجید ئیبراهیم بڵاوکرایەوە، دوای چەن کاژێرێک، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەو راگەیێنراوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئیشی لیژنەی پەرلەمان نیە قسەی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بکات.


لە راگەیێنراوی لیژنەکەدا کە ناوی رۆمیۆ هه‌كارى، رزگار محەممەد مەحموود، سه‌عید هەرکی، حه‌سیبه‌ گه‌ردى، هیمداد سه‌باح، زكرى زێبارى، شادى نه‌وزاد و، د. وه‌عدى سلێمان عەلى تێدا نووسراوە و ئەوان پێکهێنەری لیژنەکەن، سەبارەت بە ئەنجامی بەدواداچوونیان لەسەر گیانلەدەستدانی مەجید ئیبراهیم لە زیندانی ئاسایشی گشتی لە هەولێر، رایانگەیاند،پشتگیرى له‌ به‌یاننامه‌ى ئاسایشی گشتی ده‌كه‌ن.

دوای چەند کاژێرێک لە بڵاوبوونەوەی ئەو راگەیێنراوە رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راگەیێنراوی لیژنەکە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "ھیچ راپۆرتێکی واژۆکراو و فەرمی لیژنەی راسپێردراو ئاڕاستەی ئێمە نەکراوە. ماڵپەڕی پەرلەمان بەکارھێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی بەو پێیەی کە ھێشتا لێکۆڵینەوەکان بۆ کەیسی ناوبراو بەردەوامن و ئیشی لیژنەی پەرلەمان نییە قسەی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بکات".

رۆژی پێنجشەممە 16-01-2020 ئاسایشی هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەك لە زیندانی ئاسایش بڵاوكردەوە و رایگەیاند "ئەو هاونیشتمانییە لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیركراوە و رۆژی 16-01-2020  لەناو زیندان خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".
 
ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەکەیدا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییەی روونکردەوە و رایگەیاند: "دوابەدوای دەست بەسەرداگرتنی بڕی (60) کیلوگرام ماددەی هۆشبەر لەلایەن مەفرەزەیەکی ئاسایشەوە و وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی کە خاوەنداریەتی ماددەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتی (مەجید برایم عەبدوڵڵا) ، رەزامەندی بەڕێز دادوەر وەرگیرا بۆ دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵی ناوبراو لە گوندی سیساوەی سەربە شارۆچکەی هەریر".
 
 بەڵام كەسوكارەكەی گومانیان لە هۆكاری مردنەكەی هەیە، هەربۆیە بۆ دووبارە پشكنینەوەی، تەرمەكەیان بردە نۆژداریی دادی سلێمانی. پەرلەمانی کوردستانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنا .

دەقی راگەیێنراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێک بەناوی لیژنەی پەرلەمانیی بەدواداچوونی دۆسیەی(مجید ئیبراهیم) بڵاوکرایەوە، لێرەوە ڕایدەگەینین کە ھیچ ڕاپۆرتێکی واژۆکراو و فەرمی لیژنەی ڕاسپێردراو ئاڕاستەی ئێمە نەکراوە؛ و وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنە کۆبوونەوەی خۆی بۆ ئاراستەکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی بکات..

ھاوکات، ماڵپەڕی پەرلەمان بەکارھێندراوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی بەو پێیەی کە ھێشتا لێکۆڵینەوەکان بۆ کەیسی ناوبراو بەردەوامن و ئیشی لیژنەی پەرلەمان نیە قسەی یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بکات... 

بۆیە جارێکی تر ڕێگە نادەین ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، کە بەتەنھا گوزارشتە لە بۆچونی فەرمی پەرلەمان و هەواڵی کاروچالاکی لیژنەکانی پەرلەمانی تێدا بڵاو دەکرێتەوە،بۆ ھیچ مەبەستێکی تر بەکار بھێندرێت و بەووردی چاودێری و ئاراستەی دەکەین بۆ کاری پەرلەمانیی....

د.ڕێواز فایەق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان