قوباد تاڵەبانی: بە هیچ شێوەیەک کورد نابێتە بەشێک لە ململانێکان و لە دژی هیچ لایەنێک کارناکات


رووداو - هەولێر

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا کۆبووە و رەوشی ناوچەکەیان تاوتوێکرد و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک کورد نابێتە بەشێک لە ململانێکان و لە دژی هیچ لایەنێک کارناکات.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-01-2020 لە دیدارێکدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی و میخایل بۆگدانۆڤ لەبارەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان بەتایبەتی کۆبوونەوە و باس لە پێشهاتەکانی دۆخی عێراق کرا.
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا جەختی کردەوە، "کورد لە ململانێ و بارگرژییەکانی عێراق و ناوچەکەدا بەشێک دەبێت لە چارەسەر و هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکان دەدات و بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە ململانێکان و لە دژی هیچ لایەنێک کارناکات".
 
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان رۆڵ و کاریگەریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەکانی عێراق و ئاساییکردنەوەی رەوشەکە. هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
 
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "پێویستە لەم دۆخەدا هێزە عێراقییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێکەوە هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی بارگرژییەکانی عێراق بدەن و رێگە نەدەن لەوە زیاتر تەشەنەبسێنن".
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی نێوان کورد و رووسیا کرا کە پەیوەندی و دۆستایەتییەکی مێژووییە و قوباد تاڵەبانی دووپاتی کردەوە کە درێژە بەو پەیوەندییە دۆستایەتییە دەدەن.
 
دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوو و جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە کێشەی سووریا بە جۆرێک چارەسەربکرێت کە هەموو مافەکانی کوردی تێدا پارێزراوبێت".
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا کرا و هەردوولا لەسەر ئەوە پێداگربوون کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
 
دوێنێ چوارشەممە 29-01-2020 میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری ڤلادمیر پووتین بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە مۆسکۆوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. هەر دوێنێ بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.