لە سۆران پیاوێک دوو منداڵ و هاوژینەکەی 'بەتووندترین شێوە' ئەشکەنجە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە سۆران پیاوێک 'بەتووندترین شێوە' هاوژین و دوو منداڵەکەی ئەشکەنجە دەدات، گوتەبێژی پۆلیسی نەهێشتنی تووندووتیژی دژی ژنان لە سۆران بۆ رووداو دەڵێ، پیاوەکە دەستگیرکراوە و بە دوو ماددە سزا دەدرێت.
لە چەند ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت دایکێک و دوو منداڵی لێک بەستراونەتەوە و بە شەق و زللە لەلایەن پیاوی ماڵەکەوە لێیان دەدرێت، دایکەکە 26 ساڵە و کوڕەکەی سێ ساڵ و شەش مانگ و کچەکەش تەمەنی دوو ساڵ و چوار مانگە. لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەردەکەوێت پیاوەکە نوێژ دەکات و منداڵەکەیشی لەژێر قاچی داناوە و ئازاری دەدات.
دایکی منداڵەکان ڤیدیۆکانی بۆ رووداو ناردوون و ئەو لەبارەی کێشەکەوە بە رووداوی راگەیاند "هاوژینەکەم هەرگیز منداڵەکانی خۆش نەویستوون. لێکی دەبەستینەوە بۆ ئەوەی گاڵتەمان پێبکات و دواتر وێنەی دەگرتین. پێشتریش لە منداڵەکانمی دەدات. دواتر چوومەوە ماڵی باوکم و منداڵەکان لای ئەو بوون، دووبارە لە منداڵەکانمی دەدا و ڤیدیۆی بۆ من دەنارد تاوەکو من بەم دیمەنانە خەمباربم و بچمەوە بۆ لایان."
ژنەکە مانگی نیسانی ساڵی 2016 هاوسەرگیری کردووە، لە رێگەی براکەیەوە بە هاوژینەکەی ئاشنابووە. دایکی منداڵەکان دەشڵێت "کە مێردم پێیکرد شەوی دووەم دەستی بە ئازاردانم کرد، دەیگوت لە رقان تۆم هێناوە و دەنا تۆم نەدەویست بەس لە رقی براکەت تۆم هێناوە، دەمانچەی هەیە و زوو زوو لێم هەڵدەگرێت و ئازارم دەدات و لێم دەدات دەیگوت دەمووچاوت دەسووتێنم بۆ ئەوەی کەڕ و لاڵ بم."
ژنەکە تاوەکو ئێستا ساڵای لای پۆلیس تۆمارنەکردووە، دەشڵێت "هانام بۆ رووداو هێناوە بۆ ئەوەی هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان ئەو دیمەنە قێزەوەنە ببینێت. بزانی کەچ مرۆڤێکە."
ئەو ژنە مانگی 9ی ساڵی 2017 پەنای بردووەتە بەر خۆسووتاندن و 32%ی جەستەی سووتاووە. دایکی منداڵەکان دەشڵێت "ئەو هانی دام و منیش پەنام بۆ خۆسووتاندن برد، ئەو لام بوو کە ئاگرم لەخۆم بەردا، دواتر منیان بردە نەخۆشخانە تاوەکو چاکبوومەوە."
کەسوکاری ئافرەتەکە دەڵێن، تازە بە رووداوەکانیان زانیوە. باوکی ژنەکە بە رووداوی راگەیاند "هەمیشە بە کوڕەکەم دەگوت باش بن پێکەوە با لێتان نەقەومێ بە گوێی نەدەکردم دەمگوت لێت دەقەومێ، باکی پێنەبوو و جنێوی بە من و بە خێزانەکەم دەدا."
کوڕەخاڵی ژنەکەش ئاماژە بەوە دەدات، کە پێشتر پیاوەکە هەر دەیگوت ژنەکەم تەڵاق دەدەم "ئەوکات چووین ژن و منداڵەکەمان هێنایەوە، بەڵام ئەو پیاوە شەو دەهاتە بەر دەرگە و داوای منداڵەکانی دەکرد."
ماڵی باوکی ئافرەتەکە لە سۆرانە و باوکی منداڵەکنیش لە رواندز. پۆلیس بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کردووە و بە دوو ماددەی یاسایی تووندوتیژی ئافرەتان و لێدانی منداڵ تۆمەتبار سزا دەدرێت.
شێروان خالید، گوتەبێژی پۆلیسی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەستبەجێ بە دواداچوون بۆ کەیسەکە دەکەین، بەهەماهەنگی پۆلیسی رواندز لەسەر خەتین و بەیەکەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە دەکەینەوە، هەرچەندە ئافرەتەکە سکاڵای نەکردووە هەر کات بێت پەڕاوی لێکۆڵینەوە دروست دەکەین."
ئێستا پیاوەکە دەستگیرکراوە و دوای دەستگیرکردنی پیاوەکەش، پۆلیسی سۆران منداڵەکانی بردووەتەوە لای دایکیان.