مامۆستایەکی ئەمریکیی زمانی ئاماژە: لە هەرێمی کوردستان ماف بە نابیستان نەدراوە
رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە شەش ساڵە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، کار بۆ نابیستان دەکات و کوردییەکی باش دەزانێت. لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە دەڵێت، ''کوردستان خۆشە و حەز ناکەم بڕۆمەوە بۆ ئەمریکا.''
رۆژی دووشەممە 30-01-2023 هانا هووت کە هاووڵاتییەکی ئەمریکییە کە شەش ساڵ لەمەوپێش لەگەڵ هاوژینەکەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئێستا لە سلێمانی نیشتەجێن، میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەوراز گوڵپی و جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشی دەکەن.
هانا هووت دەڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر بەڕێزن و لێرە هەست بە ژیان دەکات. "کاتێک کە دەڕۆمەوە ئەمریکا، هەست دەکەم دیوارێک لەنێوان پەیوەندییەکاندا دروست دەبێت، بەڵام لێرە لەگەڵ خەڵک تێکەڵی. من زۆر زوو لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان تێکەڵ بووم.''
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە لە هەرێمی کوردستان خۆبەخشانە کار بۆ نابیستان و فێرکردنی زمانی ئاماژە دەکات و دەڵێت، ''پێویستە هەموو کەس زمانی ئاماژە بزانێت، چونکە ئێمە لەگەڵ نابیستان دەژین و ئەوان هاوڕێی ئێمەن؛ بۆیە پێویستە لێیان تێبگەین.''
هانا هووت باسی لەوە کرد کە نابیستان دەبێ لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی خوێندنیان هەبێت یان بتوانن مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن و وەکو کەسێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام ''لە هەرێمی کوردستان ئەم مافانەیان نییە.'' گوتیشی، ''لە ئەمریکا نابیستان بە تەواوی مافی خۆیان هەیە و لە هەموو شوێنێک وەرگێڕ بەردەستە بۆ ئەوەی هاوکاریی نابیستان بکەن، بەڵام لێرە بەداخەوە وەرگێڕیان نییە.''
هاووڵاتییە ئەمریکییەکە لەبارەی هۆکاری هەڵبژارنی فێرکاریی زمانی ئاماژە دەڵێت: ''چەند ساڵ بەرلەوەی بێم بۆ هەرێمی کوردستان، خوشکەکەم چوارەم منداڵی لەدایکببوو و دوای مانگێک بۆیان دەرکەوت کە نابیستە، ئەوە یەکەم جار بوو کە نابیستان سەرنجی منیان راکێشا و فێری زمانی ئاماژە بووم.''
هانا هووت ئاماژەیدا، لە هەرێمی کوردستان هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەوەی وانەی زمانی ئاماژە بگوترێتەوە، بۆیە بڕیارمدا ڤیدیۆ بڵاو بکەمەوە بۆ ئەوەی خەڵک لەسەر ژیانی نابیستان و زمانی ئاماژە زیاتر زانیاری هەبێت.
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کرد قسەی لەگەڵ هەندێک لە نابیستانی هەرێمی کوردستان کردووە و ''کاتێک باس لە کێشەکانیان دەکەن، بۆم دەرکەوتووە یەکەم شت پێویستیان بە وەرگێڕە، بۆیە پێویستە خولی فێرکاری زمانی ئاماژە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ببن بە وەرگێڕی زمانی ئاماژە.''
هانا هووت باسی لە رێکخراوی ئاماژە کرد کە لە سلێمانی لەلایەن بەهار مەحموود، مامۆستای زمانی ئاماژە دامەزراوە و خزمەتی بە هاووڵاتییانی نابیست دەگەیێنێت. دەشڵێت، ''پلانیان هەیە لە داهاتوودا خولی فێرکاریی زمانی ئاماژە لە شارەکانی دیکەش بەتایبەتیی هەولێر بکەنەوە.''
هاووڵاتییە ئەمریکییەکە گوتی، ناتوانین زمانی ئاماژەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنین و زمانێکی بەتەواوەتی جیاوازە، بەڵام دەکرێ شێوەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەمریکاوە بگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هانا هووت ئاماژەی بە رێژەی نابیستان کرد و رایگەیاند: ''ژمارەی نابیستان لە هەرێمی کوردستان زۆرە و بە 10 هەزار کەس دەگات.'' گوتیشی پلانی بۆ داهاتوو ئەوەیە کە زمانی ئاماژە بە تەواوی فێر ببێت، "بە بەردەوامی بۆ دڵخۆشی خەڵکی کوردستان ڤیدیۆ بڵاوبکەمەوە، لە رێکخراوی ئاماژەی مامۆستا بەهار مەحموود ببم بە ئەندام و بەگشتی هەر یارمەتییەک لە دەستم بێت بۆ نابیستانی هەرێمی کوردستانی بیکەم."
ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییە دووپاتی کردەوە کە کوردستان ''زۆر خۆشە'' و سەردانی زۆر شار و ناوچەی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە خواردنەکانی ئەم وڵاتەش، حەزی زۆر لە دۆڵمەیە. گوتیشی، ''ژیان لە ئەمریکا و لە هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە، نموونەکەی میواندارییەکانە. میوانداری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ئەمریکا زۆر درێژماوەترە و تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو و بگرە زیاتریش دەخایێنێت، بەڵام لە ئەمریکا کاژێر 09:00ـی شەو باوکم بە میوانەکانی دەگوت کاتی ئەوەیە بڕۆنەوە ماڵەکانتان.''