دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران تەرمی چوار زیندانییە سیاسییە لەسێدارەدراوە کوردەکە نادەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو رۆژ لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسیی کورد لە ئێران، هێشتا تەرمەکانیان بە کەسوکاریان نەدراونەتەوە؛ حکومەت بە کەسوکاریانی راگەیاندووە، لە شوێنێکی نادیار بەخاکیان دەسپێرن. لێبووردنی نێودەوڵەتییش لەسێدارەدانی ئەوانی وەکو "تاوان" ناساندووە.
بەیانیی رۆژی 29-01-2024 چوار زیندانیی سیاسیی کورد، کە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون، لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەج بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دران. کەسوکاریان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئەم تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران تەرمی چوار بەندکراوی سیاسیی کوردیان بە ناوەکانی پژمان فاتحی، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و موحسین مەزڵووم "رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون کە خۆیان بە نهێنی لە شوێنێکی نادیار بەخاکیان دەسپێرن."
لە رابردووشدا زۆر لەو زیندانییە سیاسییانەی لە ئێران لەسێدارە دراون، تەرمەکانیان بە کەسوکاریان نەدراونەتەوە، لەسەر ئەوەش رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رەخنەیان لە ئێران گرتووە.
لەسێدارەدانی ئەو چوار پێشمەرگەیە کاردانەوەی زۆری بەدواوە بووە. رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەوان "بۆ ئێمە هەواڵێکی تۆقێنەرە و بەرپرسانی ئێرانی ئەو چوار کەسەیان بە شێوەی ناچاری بێسەروشوێن کردووە، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت."
بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی ئەو چوار زیندانییە سیاسییە، بەشێک لە رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و چالاکڤانانی سیاسی و مەدەنیی رۆژهەڵاتی کوردستان، داوایان لە خەڵک کردووە ئەمڕۆ سێشەممە لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری رابگەیێنن.