لە لوڕستان دەست بەسەر 251 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای لوڕستان 116 فرۆشیاری مادەی هۆشبەر دەستگیر کران کە 7ـیان گەورە بازرگانن. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێ، دەست بەسەر 251 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
شەوی پێنجشەممە 29-01-2026، محەممەدڕەزا هاشمی فەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، ئۆپەراسیۆنێکی سێ رۆژەیان لە سەرانسەری پارێزگاکە بەڕێوەبردووە.
بەگوتەی محەممەدڕەزا هاشمی فەر، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستیان بەسەر 251 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە و 116 فرۆشیاری مادەکەش دەستگیر کراون کە حەوتیان گەورە بازرگانن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەست بە دۆسیەکە دەست بەسەر 11 ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیلیشدا گیراوە کە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراون.
هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 323 ئالوودەبووی مادەی هۆشبەریش لە سەرانسەری پارێزگای لوڕستان کۆکراونەتەوە و رەوانەی ناوەندەکانی شیاندنەوە کراون.
پارێزگای لوڕستان بەهۆی هاوسنووربوونی لەگەڵ پێنج پارێزگای خوزستان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، مەرکەزی، هەمەدان و ئیسفەهانی ئێران، هەروەها دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکو ترانزێت بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر چی بۆ دەرەوە و چی بۆ نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەکاردەهێندرێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکانی لوڕستان، لە 21-03-2025ـوە تاوەکو 21-09-2025، لە سنووری پارێزگاکە دەست بەسەر 66 تۆن و 500 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گیراوە.