ئیلهام ئەحمەد وردەکاریی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق ئاشکرا دەکات؛ زمانی کوردی دەبێتە پەروەردە و هەسەدە دەچێتە نێو سوپاوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، رێککەوتنی گشتگیری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی راگوزەری سووریا وەرچەرخانێکی مێژووییە و تێیدا زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە دەناسرێ و مافی هاووڵاتیبوون بە کورد دەدرێ.
رۆژی هەینی 30-01-2026 ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی کە زیاتر لە 40 خولەکی خایاند، وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، ئەمە "قۆناخێکی نوێی سیاسی و دەستوورییە" و ئامانجی سەرەکیی رێگریکردنە لە رشتنی خوێنی زیاتر و پاراستنی گەلی کورد لە هەر جۆرە پاکتاوکردنێک؛ ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێککەوتنەکە ئاگربەستێکی هەمیشەیی رادەگەیێندرێ و هێزە سەربازییەکانی هەردوولا لە هێڵەکانی بەریەککەوتن دەکشێنەوە بۆ بنکەکانی خۆیان.
پێگەی سەربازی و ئەمنی؛ تێکەڵکردنی هەسەدە و یەپەژە
بەپێی رێککەوتنەکە، پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بە چەند قۆناخێک دەبێت. ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند: "فیرقەیەکی سەربازیی نوێ لە ناو سوپای سووریا پێکدەهێنرێ کە 3 لیوای لە هێزەکانی هەسەدە دەبێت، هەروەها لیوایەکی تایبەت بۆ پاراستنی کۆبانێ لەنێو سوپای سووریا لە پارێزگەی حەلەب پێکدەهێنرێ."
سەبارەت بە چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ)، ئیلهام ئەحمەد روونی کردەوە: "یەپەژە بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوە لە هەسەدە. لەنێو رێککەوتنەکەدا ئەویش وەک بەشێک لەو لیوا و فیرقە نوێیانە لە سوپای سووریادا جێگیر دەبن."
لەنێو شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ، تەنیا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەمێننەوە. ئیلهام ئەحمەد دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان کە هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق تەنیا چەکی سووکیان پێ دەبێت و بە هیچ شێوەیەک تانک و چەکی قورس نابرێتە نێو شارەکان.
مافە مەدەنییەکان و پرسی زمان و خوێندن
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگە پەروەردەیی و یاساییەکانی ئەم رێککەوتنە، پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کوردەوە هەیە. ئیلهام ئەحمەد گوتی: "بڕوانامەکانی خوێندن لەلایەن دەوڵەتەوە دانپێدانانیان بۆ دەکرێ و زمانی کوردی دەبێتە زمانی پەروەردە."
سەبارەت بە مافی هاووڵاتیبوون، ئیلهام ئەحمەد جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 13ـی سەرۆکایەتی کردەوە کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو ئەو کوردانە دەگەڕێتەوە کە پێشتر بەهۆی رێکارە مێژووییەکانەوە بێبەش کرابوون؛ هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراوەکانی بەڕێوەبەایەتی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی سڤیل لە شوێنەکانی خۆیان جێگیر دەکرێن.
دەروازەکان و رێگەی نێودەوڵەتیی M4
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، دەروازەی سێمالکا (پێشابوور) وەک خۆی بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ژێر چاودێریی فەرمیی دەوڵەت؛ هەروەها رێگەی ستراتیژیی M4 دەکرێتەوە و ئاسایشەکەی دەپارێزرێ بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتیان.
گەڕانەوە بۆ عەفرین و سەرێکانی
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، ئیلهام ئەحمەد مژدەی گەڕانەوەی شکۆدارانەی دایە ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی؛ گوتیشی: "ئامانجمان چۆڵکردنی کەمپ و گەڕانەوەی خەڵکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە بەشێکە لەو گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنانەی بۆ بنیادنانەوەی سەروەریی سووریا لە ئارادان.
داعش و کەمپی هۆل
ئیلهام ئەحمەد دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپی هۆلی بە "کێشەیەکی جیهانی" ناوبرد و رایگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوەی زیندانیان بۆ عێراق یان دادگاییکردنیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیمەشق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو دۆسیەیە بەتەواوی دادەخرێ.
فەرەنسا و ئەمریکا: گەرەنتیکاری نێودەوڵەتی
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان ئاماژەی بە رۆڵی فەرەنسا و ئەمریکا وەک گەرەنتیکاری سیاسیی رێککەوتنەکە کرد. ئیلهام ئەحمەد سوپاسی نێوەندگیریی واشنتن و پاریسی کرد و رایگەیاند، ماکرۆن و بەرپرسانی ئەمریکا بە فەرمی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە دەکەن.
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، تێکۆشانیان لە سەنگەرەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسی و دەستووری بۆ بنیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و ناناوەندی و داوای لە کوردانی پارچەکانی دیکە و دیاسپۆرا کرد کە پشتیوانی لەم قۆناخە نوێیە بکەن.