بەرپرسێکی پەیەدە: زیاتر لە 40 گوندی کۆبانی داگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نووسینگەی پەیەدە لە کۆبانی دەڵێ، زیاتر لە 40 گوندی سەر بە شارەکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە داگیرکراون و ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی گەمارۆکانەوە هیچ پێداویستییەکی سەرەکی لەنێو شارەکەدا نەماوە.
ئەمڕۆ هەینی 30-01-2026 لەیلا ئەحمەد، گوتەبێژی نووسینگەی کۆبانیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی شارەکە رایگەیاند، هێرشێکی ''دڕندانە'' کراوەتەوە سەر کۆبانی و هێشتا چواردەوری گەمارۆ دراوە.
بەگوتەی لەیلا ئەحمەد، بەهۆی گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە، هیچ پێداویستییەکی سەرەکی لەنێو شارەکەدا نەماوە، ''بڕانی، ئاو، ئینتەرنێت و کارەبا بەردەوامە و خەڵک داوای پاراستن دەکەن.''
سەرەڕای راگەیاندن و درێژکردنەوەی ئاگربەست لەنێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندین جار هێرشکراوەتە سەر گوندەکانی دەوروبەری کۆبانی. گوتەبێژی نووسینگەی پەیەدە لە کۆبانی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 گوند لە رۆژهەڵاتی شارەکە داگیر کراون و گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر ماڵی هاونیشتمانییاندا گرتووە.
ژمارەی دانیشتووانی کۆبانی نزیکەی 250 هەزار کەسە. لەیلا ئەحمەد دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانەوە، خەڵکێکی زۆر لە شەهبا، شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە، منبج و رەققەوە بەرەو شارەکە هاتوون و ئێستا زیاتر لە 300 هەزار کەس تێیدا لەژێر گوشار و دۆخێکی خراپدا دەژین.
ئاوارەکان ناچارن لەنێو قوتابخانە، مزگەوت و دووکانەکان بمێننەوە. ئەو بەرپرسەی پەیەدە ئاماژەی بە دۆخی سەختی ژیانی ئاوارەکان کرد و گوتی، سووتەمەنی و شیری منداڵان دەستناکەوێت و ''ئێستا مەترسی هەیە ئاردیش تەواو بێت. هەروەها هەندێک خێزان ناچارن بۆ دابینکردنی ئاو، بەفر بتوێننەوە.''
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لە 06ـی ئەم مانگە و دواتر فراوانبوونی هێرشەکان بۆ تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون و پێویستیان بە هاوکاریی خێرایە.
هەر ئەمڕۆ هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتوون. ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شاری حەسەکە و قامیشلۆ، هەروەها دەست دەکرێت بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت، لەگەڵ لیوایەک بۆ ئەو هێزانەی لە کۆبانێن.