باشووری کوردستان یەکدەنگ بۆ رۆژئاوای کوردستان؛ سەدان هەزار هاونیشتمانی رژانە سەر شەقامەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

لە زۆربەی پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری بۆ پاڵپشتیکردن لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو و سەدان هەزار هاونیشتمانی رژانە سەر شەقامەکان.
 
خۆپێشاندانەکان لە یەک کاتدا و لە کەشێکی سارد و باراناوی بە بەشداری سەدان هەزار هاونیشتمانی بەڕێوەچوون.
 
هەولێر؛ بانگەواز بۆ پارێزبەندیی نێودەوڵەتی
 
لە شاری هەولێر، خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بۆ پشتگیری لە کوردانی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپێشاندانەکەوە چەند هاونیشتمانییەکی دواند. هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆبانێ لە رێگەی مایکی رووداوەوە دڵخۆشی خۆی بۆ پاڵپشتی کوردستانییان دەربڕی و گوتی، "هەستێکی زۆرخۆشە کە دەبینین بەم شێوەیە پشتگیری لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت."
 
ئەو هاونیشتمانییە سوپاسی رووداو، بەتایبەتی رەنج سەنگاوی و دلبخوین دارا، پێشکێشکارانی دیاری رووداوی کرد بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان و گەیاندنی بە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان.
 
 
هەر لەنێو خۆپێشاندانەکەی هەولێردا، ژنە هاونیشتمانییەک کە خەڵکی دهۆکە ئاماژەی بەوە کرد، "با سەرجەم خەڵکی کوردستان بڕژێنە سەر شەقامەکان تاوەکو ئەو پڕۆژەیاسایەی لیندزی گراهام لە کۆنگرێسی ئەمریکا پەسند دەکرێت."
 
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "باوەڕ بە هیچ رێککەوتنێک مەکەن تاوەکو پارێزبەندییەکمان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ دروست دەکرێت."
 
سلێمانی و کەرکووک؛ کورد یەک جەستەیە
 
 
لە سلێمانیش، لەژێر ناوی (خۆپێشاندانی ملیۆنی)، دەیان هەزار هاونیشتمانی رژانە سەر شەقام و پاڵپشتی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕی.
 
 
هاونیشتمانییەک لە نێو خۆپێشاندانەکەوە بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی گوت، "کورد هەموو یەک جەستەیە، چۆن شوێنێکی جەستەت ئازاری هەبێ، هەموو جەستەت هەستی پێدەکات، کوردیش بەوجۆرەیە و لە هەر پارچەیەکی ئەم نیشتمانە ئازارێک هەبێت، هەموومان هەستی پێدەکەین."
 
 
هاونیشتمانییانی کەرکووکیش لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دانەبڕان. سەدان هاونیشتمانی لەسەر شەقام بە پیادەڕەوی و بە گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیبەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ کوردستانییانی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی. خۆپێشاندەرێک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بە هەموو توانامانەوە لە پشت براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان دەبین."
 
دهۆک، سۆران و گەرمیان؛ پەیامی یەکڕیزیی کورد
 
لە شاری دهۆکیش، لەو کەشە ساردەدا هاونیشتمانییان رژانە سەر شەقام. هاونیشتمانییەکی بەشداربوو بە نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بۆ هەموو جیهان بسەلمێنین یەک پارچەین و دانەبڕاوین." 
 
ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بەشێک بوو لە زنجیرە خۆپێشاندانەکە و هاونیشتمانییەک بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداوی گوت، "پێویستە هەموومان یەکڕیزی ماڵی کورد بهێنینە دی."
 
لە قەزای کەلار لە پارێزگای سلێمانی، سۆزان مەنسوور، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە نێو خۆپێشاندانەکانەوە بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "ئەم ناخۆشییەی رۆژئاوای کوردستان لەلایەکەوە بووە مایەی دڵخۆشی، چونکە هەموو کوردستانییانی یەکخست؛" گوتیشی: "پێشتر خەممان دەخوارد کە منداڵەکانمان واتای کوردبوون نازانن، بەڵام ئەمڕۆ بگرە بوونەتە پێشڕەو."
 
سەیدسادق؛ "دوو کۆ دوو دەکاتە یەک"
 
هاوشێوەی شارەکانی دیکە، لە قەزای سەیدسادقیش هاونیشتمانییان بە فراوانی رژانە سەر شەقامەکان. 
 
ئەدەهم حەمەڕەشید، دانیشتووی قەزاکە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداوی گوت، "نەوەی ئێستا جێگەی ئومێدن کە رێبازی قازی محەممەد و شێخ سەعیدی پیران و سەرکردەکانی دیکەی کورد دەگرنەبەر."
 
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بە تامەزرۆییەوە چیرۆکێکی پۆلەکەی بۆ مایکی رووداو گێڕایەوە و گوتی، لە قوتابخانە بە مامۆستاکانی گوتووە "دوو کۆ دوو دەکاتە چەند؟" ئەوانیش پێیان گوتووە، "دەکاتە چوار"، ئەو مێردمنداڵە گوتی، "لە وەڵامدا پێم گوتوون ئێمە نەوەی قازی محەممەدین و دەڵێین دەکاتە یەک، ناکاتە چوار."