پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: تاوەکو بارهەڵگرەکان دەگەنە کۆبانێ، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، پێویستە رێگە بدرێ هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازەی پرسووسی رووهای باکووری کوردستانەوە بگاتە رۆژئاوای کوردستان و ئاماژە بەوە دەکات: "تاوەکو دەروازە سنوورییەکە دەکرێتەوە و هاوکاری دەگاتە گەلی کورد، لە تێکۆشان بەردەوام دەبین."
رۆژی هەینی 30ی کانوونی دووەمی 2026، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر رێگەنەدان بە چوونی 25 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی کە لەلایەن پلاتفۆرمی پاراستن و هاوپشتیی ئامەدەوە بۆ کۆبانێ کۆکراوەتەوە، گردبوونەوەیەک لە رووها کرا.
دیلان کۆنت ئایان، پەرلەمانتاری دەم پارتی گوتی: "ئەو هاوکارییەی لە ئامەد کۆکراوەتەوە، دەیانەوێ لە خاڵەکانی پشکنینی سەر رێگەی خێرای سرووچ رایانبگرن. هەموو رۆژێک هەواڵی کاریگەریی کۆمەڵکوژی لە کۆبانێوە دەگات لامان."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "شەش منداڵ بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە. لە کاتێکدا نەبوونی نان و ئاو وەک رۆژی رووناک دیارە، بانگ لە تورکیا دەکەین کە دەستبەجێ دەروازەی سنووریی کۆبانێ بکاتەوە و رێگە بدات ئەم هاوکارییە مرۆییە بە زووترین کات بگاتە دەستی خەڵکی کۆبانێ."
دوێنێش هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکیی دەم پارتی لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئاو، کارەبا و ئینتەرنێتی کۆبانێ بڕدراوە، هەوڵ دەدرێ خەڵکی سڤیل بە برسێتی و تینوێتی سزا بدرێن. پێویستە تورکیا بەپەلە دەروازە سنوورییەکانی مورشدپنار و نوسێبین بکاتەوە و رێڕۆیەکی مرۆیی دروستبکات. ئەمە بژاردە نییە، بەڵکو ئەرکێکی مرۆییە."