ئیلهام ئەحمەد بۆ رووداو: فەرەنسا و ئەمریکا گەرەنتیکاری رێککەوتنەکەمانن لەگەڵ دیمەشق

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە رووداوی گوت، فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک گەرەنتیکار ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریان و جەختی لەوەش کردەوە، میکانیزمێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە پێکدەهێنرێ.
 
رۆژی هەینی 30-01-2026 ئیلهام ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن سەبارەت بە گەرەنتییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە گوتی: "چەند دەوڵەتێک لەسەر هێڵن، بەتایبەت فەرەنسا و ئەمریکا کە خۆیان ئاگاداری وردەکارییەکانن و دەبنە بەشێک لەم پرۆسەیە."
 
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕووی پراکتیکییەوە بڕیاردراوە هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا لە هێڵەکانی بەرەنگاربوونەوە بکشێنەوە بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونی هەر گرژییەک بگیرێ.
 
سەبارەت بە رۆڵی واشنتن، ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا رۆڵی ئەمریکا بەرامبەر هێرشەکان وەک پێویست نەبوو، بەڵام ئێستا پشتیوانیی کۆنگرێس و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینن؛ گوتیشی: "لە دۆسیەی سووریادا، رۆڵی ئەمریکا پلە یەکە و دەبێت رۆڵێکی دادپەروەرانە بگێڕن بۆ بنیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو کە رێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگرێ."
 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دڵنیایی دایە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و رایگەیاند، مافی کوردانی ئێزدی، کریستیانەکان، ئەرمەن، تورکمان و سریانییەکان لە نێو رێککەوتنەکەدا پارێزراوە؛ جەختی لەوەش کردەوە، رێککەوتنی 18 مانگ تایبەتمەندیی ناوچەکە دەپارێزێ و ئامانجی سەرەکییان مسۆگەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانە لە چوارچێوەی سیستمێکی ناناوەندی و دیموکراسیدا.