بە ئامادەبوونی ترەمپ فیلمی دۆکیۆمێنتاریی 'مێلانیا' نمایشکرا
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مێلانیا ترەمپی هاوژینی، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی، بەشدارییان لە رێوڕەسمی نمایشی یەکەمی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی دەربارەی ژیانی خانمی یەکەم کرد.
فیلمەکە کە ملیۆنان دۆلاری تێچووە باس لە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات دەکات.
شەوی پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، لە نێوەندی (ترەمپ-کێنێدی) لە واشنتن، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی (مێلانیا) نمایشکرا، کە تێچووەکەی لەلایەن کۆمپانیای ئەمازۆنەوە دابینکراوە.
ترەمپ لە کاتی گەیشتنی بۆ شوێنی نمایشەکە، دەستی میلانیای گرتبوو و بە رۆژنامەنووسانی گوت: "ناوازەیە، زۆر ناوازەیە.. ئێمە پێویستمان بە شتی ناوازە هەیە."
فیلمەکە باس لە 20 رۆژی پێش دەستبەکاربوونی دووەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ دەکات لە دیدی مێلانیا ترەمپی هاوژینییەوە.
کۆمپانیای ئەمازۆن 40 ملیۆن دۆلاری بۆ مافی پەخشکردنی ئەم فیلمە داوە، کە 70٪ـی ئەو بڕە پارەیە بۆ خودی میلانیا دەبێت، چونکە بەرهەمهێنەری جێبەجێکارە. ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای دیزنی 14 ملیۆن دۆلاری بۆ هەمان مەبەست تەرخان کردبوو.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە هەژماری خۆی لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی "فیلمەکە شایەنی بینینە"، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن فرۆشی پلیتەکانی سینەما زۆر کەمە. لە لایەکی دیکەوە، سینەماکانی ئەفریقای باشوور نمایشکردنی فیلمەکەیان راگرتووە، ئەوەش بەهۆی گرژیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا.
هەڵبژاردنی برێت راتنەر وەک دەرهێنەری فیلمەکە، ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە، چونکە لە ساڵی 2017ـەوە بە تۆمەتی گێچەڵی سێکسی لە کارەکانی دوورکەوتبووەوە. میلانیا لەو بارەیەوە گوتی: "ئەو زۆر بەهرەمەندە و باشترینیان بوو بۆ ئەم کارە."
ئەم فیلمە لە کاتێکدا نمایش دەکرێت کە ئەمریکا بەهۆی کوژرانی خۆپێشاندەرێک بە ناوی ئەلێکس پرێتی لە مینیاپڵس بە دەستی هێزە ئەمنییەکان، دووچاری شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بووەتەوە و مێلانیاش لە رێگەی فیلمەکەیەوە داوای "یەکڕیزی" دەکات.