مەزڵووم عەبدی وردەکاریی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق ئاشکرا دەکات: هێزەکانمان لە ناوچەکانی خۆمان دەمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بۆ رێگری بووە لە کۆمەڵکوژی و پاراستنی ناوچەکە؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکەش هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و هێزەکانی هەسەدەش وەک بەشێک لە سوپای سووریا لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی رۆناهی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی ئاشکرا کرد کە رۆژی هەینی لەگەڵ حکومەتی سووریا واژۆیان کرد. عەبدی گوتی، "رێککەوتنەکە پرۆسەیەک بوو لە 18ی مانگەوە دەستیپێکرد، لە 27ی مانگ سەردانی دیمەشقمان کرد و لەگەڵ سەرۆککۆمار [ئەحمەد شەرع] کۆبووینەوە و ئەمڕۆش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی واژۆمان کرد."
"مەترسیی کۆمەڵکوژی هەبوو"
سەبارەت بە هۆکاری رێککەوتنەکە، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسیی کۆمەڵکوژی و پلانێکی گەورە لەسەر ناوچەکە هەبوو؛ گوتیشی، "هەوڵی زۆرمان دا شەڕەکە رابگرین، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەو ئاستەدا نەبوو هێرشەکە رابگرن، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەو رێککەوتنە بکەین بۆ پاراستنی گەلەکەمان."
چارەنووسی ئاساییش و هێزە ئەمنییەکان
یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی رێککەوتنەکە رۆیشتنی هێزەکانی حکومەتە بۆ شارە کوردستانییەکان.
مەزڵووم عەبدی دڵنیایی دایە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و گوتی، "لە رێککەوتنەکەدا هاتووە سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە. ئەرکی پاراستنی نێوخۆی شارەکان لە ئەستۆی هێزەکانی ئاساییش دەبێت کە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا." مەبەستی فەرماندەی هەسەدە لە ئاسایش، هێزە ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە.
سەبارەت بە دەنگۆی رۆیشتنی ئاسایشی گشتیی سەر بە دیمەشق بۆ شارە کوردستانییەکان، فەرماندەی هەسەدە گوتی، "رێککەوتووین هێزێکی دیاریکراو و سنووردار بچنە چوارگۆشە ئەمنییەکان لە حەسەکە و قامشلۆ، ئەرکیشیان تەنیا کارگێڕی و بۆ هاوئاهەنگییە تاوەکو پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاساییش بە وەزارەتی ناوخۆ تەواو دەبێت، بەڵام هیچ هێزێک لە شارەکاندا بڵاونابێتەوە."
دۆخی هەسەدە وەک بەشێک لە سوپا
لەبارەی داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی گوتی: "هێزەکانی هەسەدە دەبنە بەشێکی فەرمی لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام بە شێوەی لیوا و یەکەی سەربازی و لە ناوچەکانی خۆیان لە جزیرە و کۆبانێ دەمێننەوە و پارێزگاری لە ناوچەکانیان دەکەن."