فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە نزیک خوورماتوو: جوڵەی داعش زیادیکردووە و چەکی پێشکەوتوویان هەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
چەند چەکدارێک لە ناوچەکانی نێوان قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای خوورماتوو لە ناوچە دابڕاوەکان بیندراون. فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوورەکە دەڵێ: "چەکدارەکان داعش بوون و چەکی گەرمیبینی پێشکەوتوویان پێیە".
 
چەکدارەکان درەنگی شەوی رابردوو بۆ بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرەتا لە گوندێکی ناحیەی زینانە لە نێوان قەزاکانی کفری و خورماتوو ویستوویانە هێزەکانی پێشمەرگە بکەنە ئامانج، بەڵام وەڵامدراونەتەوە و هەڵاتوون.
 
‎محەممەد چەوری، فەرماندە لە لیوای 32ـی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لە سنووری ناحیەی زینانە جێگیرن، ئەمڕۆ هەینی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەکدارانی داعشن هەفتەیەکە بە زەقی لەم ناوچەیە دەبیندرێن، ویستوویانە لە نزیکەوە تەقە لە پێشمەرگە بکەن، بەڵام پێشمەرگە بە خێرایی وەڵامی داونەتەوە و هەڵاتوون".
 
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: "ئەوەی بینرابوون لای ئێمە دوو کەس بوون، دواتر بە کامێرای گەرمیبین بیندراون نزیک شۆراو چوار کەس بوون، دوایین جار لیوای 20ـی هاوبەش بینیویانن پێنج کەس بوون و چوونەتە نزیک پەڵکانەی سەیدەکان".
 
بە گوتەی ‎محەممەد چەوری: "چەکدارانی داعش ویستوویانە لە نزیکەوە لە پێشـەرگە بدەن، چونکە توانا و هێزی گرتنی خاڵەکانی پێشمەرگەیان نییە، ئامانجیان زیاتر دروستکردنی ترس و دڵەراوکێیە لای خەڵک، بەڵام چەکی گەرمیبینیان هەیە پێشکەوتووە و شەوان لە نزیکەی 600 مەترەوە دەتوانێ ئامانج بپێکێت".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە عێراقییەکان رایانگەیاند، "فڕۆکەکانی سوپای عێراق مۆڵگەکانی چەکدارانی تێرۆریستی داعشیان لە نزیک قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆردوومان کرد".
 
لەبارەی راگەیێندراوەکەی عێراقەوە، لیوا محەممەد چەوری گوتی: "فڕۆکەی عێراقیی هاتنە ئاسمانی ناوچەکە، بەڵام ئاگادارنین کە بۆردوومانیان کردبێت".
 
بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە هاوئاهەنگی تەواو لە نێوانیاندا هەیە. گوتیشی: "ئەو فڕۆکانەی هاتوونەتە ئاسمانی ناوچەکە عێراقی بوون نەوەکو هاوپەیمانان".