یەکێتی زانایان: گوتاری ئەم هەینییە تایبەتە بە یەکڕیزی و پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
لە نزیکەی چوار هەزار مزگەوتی هەرێمی کوردستان کە رۆژانی هەینی نوێژی بەکۆمەڵ و گوتاریان تێدا پێشکێش دەکرێت، بڕیارە ئەمڕۆ باسی یەکڕیزی کورد بکرێت. گوتەبێژی یەکێتی زانایان دەڵێت، "زۆر گرنگە ئێستا باسی یەکڕیزی و پشتیوانی خۆپیشاندانەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بکرێت".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاردراوە لە گوتاری ئەمڕۆ هەینیدا مامۆستایانی ئاینیی باس لە گرنگی و پێویستی یەکڕیزیی گەلەکەمان بکەن، کە تەنیا رێگەی سەرکەوتن و مانەوەی گەلەکەمانە".
گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ئەو ناخۆشی و کارەساتانەی کە رووبەڕووی کورد بوونەتەوە، گرنگە ئەزموونیان لێ وەربگرین و بیکەینە فاکتەری یەکهەڵوێستی و وازهێنان لە دووبەرەکی و ناکۆکی، چونکە پارێزگاریکردن لە یەکڕیزی فەرزێکی شەرعییە و ئەرکێکی نیشتمانییە، ئامرازێکە بۆ پاراستنی وڵات و دوورخستنەوەی لە شەڕی دوژمنان".
زیاتر لە 6 هەزار مزگەوت لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام وەکو گوتەبێژی یەکێتیی زانایان باسی دەکات، لە نزیکەی چوار هەزار مزگەوتدا گوتاری هەینی پێشکێش دەکرێت و لە نێوەڕۆکی گوتارەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
شێرکاوەیی گوتی: "ئەمڕۆ لە دەیان شار لە کوردستان و وڵاتانی دەرەوە خۆپیشاندانی گەلی کورد دژی هێرشەکان بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەوە بە گرنگ بیندراوە مامۆستایانی ئاینییش باس لە گرنگی یەکڕیزی کورد بکەن".
لە 06ـی ئەم مانگەوە بەهۆی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریاوە لە حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دەیان هەزار هاونیشتمانی ئاوارەبوون و تاوەکو ئەمڕۆ هەڕەشە و مەترسی لەسەر کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەردەوامە.