گوتەبێژی ئەنەکەسە: رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق بە باش دەزانین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنەکەسە رێککەوتنە نوێیەکەی هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا بە ''باش'' ناو دەبات و دەشڵێت: ئامادەن و دەیانەوێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەشدار بن.
رۆژی هەینی، 30-01-2026، فەیسەڵ یوسف، گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی رێککەوتنی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ''لەم قۆناخەدا چارەسەرکردن و گەڕاندنەوەی ئارامی لە رێگەی دیالۆگەوە بۆ ئەو پرسانەی کە هەن، بە شتێکی باش دەزانین.''
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دیمەشق لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتوون و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی پلە بە پلەی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا هەیە.
بەگوتەی فەیسەڵ یوسف، هێشتا هەسەدە بە شێوەی فەرمی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی پێ رانەگەیاندوون و ''تەنیا لە میدیاکانەوە بیستوومانە، بەڵام گرنگ مافی کوردە کە ئێمە دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکەین، پێمانوایە ئەویش دەبێ لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق چارەسەر بکرێ''.
گوتەبێژی ئەنەکەسە ئاماژەی بە ئامادەییان کرد بۆ بەشداربوون لە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق لەسەر پرسی کورد و گوتی و ''هەموو کات دەنگمان گەیاندووە کە پێویستە مافی کورد لە سووریای داهاتوودا پارێزراو بێت. گەلی کورد بەشێکی سەرەکی بووە لە شۆرشی سووریادا. ئێمە ئامادەین و دەمانەوێت لەسەر مێزی گفتوگۆ بین بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە.''
هەرچی داواکاریی (ئەنەکەسە)ـیە بۆ سیستمی بەڕێوەبەریی سووریا فەیسەڵ یوسف دەڵێت، ''تەرکیزی ئێمە لەسەر ناناوەندیبوونی سووریایە. پێمانوایە دەبێ کورد لە دەستووردا وەک پێکهاتەیەک بە مافەکانی خۆی بگات، نەوەک تەنیا لە ناوچە کوردییەکان، بەڵکو لە سووریاش لە دەسەڵاتدا بەشدار بێ.''
بەهۆی هێرەشەکانی سوپای عەرەبیی سووریاوە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان ئاوارە بوون. گوتەبێژی ئەنەکەسە جەختی لەوە کردەوە، ئاوارەکان لە دۆخێکی خراپدا دەژین، بەتایبەتی لە کۆبانی، ''تاوەکو ئێستا گەمارۆکانی سەر شارەکە بەردەوامە، بۆیە پێویستە بڕی هاوکارییەکان بۆ خەڵک زیاتر بکرێن.''
تشرینی یەکەمی 2019 تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی، سەرێکانی و عەفرین و داگیریان کردن. بەو هۆیەوە بەشی زۆری هاونیشتمانییان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. فەیسەڵ یوسف گوتی: ''تاوەکو ئێستاش لەو ناوچانە ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دروست دەکرێت.''
گوتەبێژی ئەنەکەسە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری دەڵیت: ''دەنگمان دەگەیێنینە دیمەشق. دەبێ رێگە بدات [ئاوارەکان بگەڕێنەوە]. هیوادارین ئەو ئاستەنگییانە لاببرێن و خەڵک بە ئارامی بگەڕێنەوە، هەروەها زیانەکانیان قەرەبوو بکرێنەوە.''
بە گوێرەی رێککەوتنە نوێێەکەی هەسەدە و دیمەشق، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناوەندی شاری حەسەکە و قامشلۆ، هەروەها دەست دەکرێت بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت، لەگەڵ لیوایەک بۆ ئەو هێزانەی لە کۆبانێن.