جووتیارێکی گەرمیان: ساڵی رابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە 35 ملیۆن دینار زیانم کردووە

 
رووداو - گەرمیان

جووتیارێکی سنووری گەرمیان دوو ساڵە بە ئومێدی قازانجکردن گەنم دەچێنێت، بەڵام ساڵی رابردوو 35 ملیۆن دینار زیانی کردووە و ئەمساڵیش زەوییەکانی بە وشکی ماوەتەوە.
 
عەلی رەشید لە 200 دۆنم زەویدا 10 تۆن گەنمی چاندووە، ئەوەش نادوورێتەوە کە چاندوویەتی. عەلی رەشید جووتیارێکە و دەڵێت، "ئەمساڵ بۆ قەرەبووی ساڵی رابردوو گەنمم چاند، بەڵام ئەمساڵیش باران نەباری، نزیکەی 60 دۆنم ئاویم بە کرێ گرت بۆئەوەی قەرەبووی ساڵی رابردووم بۆ بکاتەوە".
 
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان 125 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام بۆ دەربازبوون لە وشکەساڵی پێویستە 250 ملیمەتر باران ببارێت؛ کشتوکاڵی گەرمیانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی پلانی داناوە.
 
شادییە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە رووداوی گوت، "پلانی ساڵی رابردوو و ئەمساڵیش هەر هەمان پلانە. پێویستمان بە بودجەیە، لە راپۆرتێکی تەواودا هەموویمان باسکردووە. گرنگترین شت دابینکردنی بنە تۆوە بۆ جووتیاران".
 
بەپێی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان، لە ساڵی 2021 شەش هەزار و 287 جووتیار لەسەر زەویی دێمی و بەراو گەنمیان چاندووە. بەهۆی وشکەساڵیشەوە جووتیارەکان 32 ملیار دینار زیانیان بەرکەوتووە.
 
مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان پێنج ساڵە توێژینەوە لەسەر وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو دەکات و رێگەچارەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی دەخاتەڕوو.
 
عەبدولموتەڵیب رەفعەت، مامۆستای زانکۆ دەڵێت، "زۆر پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پۆن، بەربەست و بەنداوی زیاتر دروستبکات، زۆر پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا دروستی بکات، چونکە بەردەوام گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان زیاترە لەسەر ئەم ناوچەیە. پێویستە ئاو بە شێوەیەکی زانستی دابەشبکرێت بەسەر هەموو سێکتەرەکان، بۆئەوەی هیچ سێکتەرێک هەست بە کەمبوونەوەی ئاو نەکات".
 
ساڵی رابردوو، بەهۆی کەم بارانییەوە، وشکەساڵی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان راگەیێندرا و 65 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی زیانیان بەرکەوت. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی بۆ قەرەبووی جووتیاران خەرجنەکرد.