لە هەولێر هەشت بەنزینخانە بە داخستن سزادەدرێن

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی پشکنینی بەنزینی 48 بەنزینخانە، هەشتیان بەهۆی دەستکاریکردن و خراپیی کواڵێتیی بەنزینەکەیان داخران.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-03-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە 25ـی ئەم مانگەوە تاوەکو 30ـی مانگ پشکنین بۆ بەنزینی 48 بەنزینخانە کراوە، لەئەنجامدا هەشتیان لە لایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى هەولێر، داخراون". 
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی "هەر بەنزینخانەیەک دوو، سێ جار ئاگادار بکرێتەوە و دووبارە بەنزینی کوالێتیی خراپ بە هاونیشتمانییان بفرۆشێت، بەنزینخانەکەی بە یەکجاری دادەخرێت."
 
لە سەرەتای مانگی شەشی 2022ـوەوە، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستی بە هەڵمەتی پشکنینی بەنزینی بەنزینخانەکانی هەولێر کردووە، هەر بەنزینخانەیەک بەنزینی خراپ بفرۆشێت، خاوەنەکەی سزا دەدرێت، دوای سزادان ئەگەر خاوەنی بەنزینخانەکە پابەندی رێنوێنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر نەبێت، بۆ جاری دووەم، بەنزینخانەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت و ناوی بەنزینخانەکەش بڵاودەکرێتەوە.
 
بە گوتەی قایمقامی هەولێر ئەو وێستگانەی داخران ئەمانەن:
 
وێستگەی گارە
وێستگەی نیشتمان
وێستگەی رۆڤە
وێستگەی رەوا /2
وێستگەی باواجی
وێستگەی باز
وێستگەی پەیام
وێستگەی دڵنیا