پارێزگاری دهۆک: گەڕان بە دوای گەنجە بێسەروشوێنبووەکەی سێمێل بەردەوام دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژێک دوای لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ، گەنجێکی قەزای سێمێلی دهۆک بێسەروشوێن بوو. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی دەدەن و لە گەڕان بەدوایدا بەردەوام دەبن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 30-03-2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک سەردانی کەسوکاری رۆژڤان ئیدریس شەمۆ، گەنجەکەی ناحیەی خانکێی قەزای سێمێلی کرد کە لە نیوەڕۆی چوارشەممە، 20ـی ئادارەوە بێسەروشوێنە.
 
دواتر عەلی تەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە ماوەی بێسەروشوێنبوونیدا هەموو هەوڵێکمان بۆ دۆزینەوەی داوە؛ بە هێلیکۆپتەر، بەلەم و بە شێوەی مەیدانی بەدوایدا گەڕاوین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان دەستنەکەوتووە.''
 
پارێزگاری دهۆک گوتی، ''لە سبەیەوە دووبارە بە هێلیکۆپتەر، بەلەم و هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش و خەڵکی ئاسایی، هەوڵێکی گەورە بۆ دۆزینەوەی دەستپێدەکەینەوە و تاوەکو ئەو کاتەی بە ئەنجامێک دەگەین لەگەڵ کەسوکاری ئەو گەنجە دەمێنینەوە''.
 
لە نیوەڕۆی چوارشەممە، 20ـی ئادارەوە، رۆژڤان ئیدریسی تەمەن 16 ساڵی دانیشتووی ناحیەی خانکێی سەر بە قەزای سێمێل لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە.
 
ئیدریس شەمۆ، باوکی رۆژڤان بە رووداوی گوت، لە کامێرای فرۆشگەیەکەوە دیارە کە کوڕەکەی بەرەو رۆژهەڵاتی خانکێ دەچێت، واتە بە ئاراستەی بەنداوی موسڵ؛ بۆیە گومان دەکرێت کەوتبێتە نێو بەنداوەکەوە.
 
بێسەروشوێنبوونی گەنجەکە رۆژێک دوای لافاوەکەی دهۆک و زاخۆیە کە بەهۆیەوە زیان بە نزیکەی 300 ماڵ و 50 ئۆتۆمبێل کەوت و سێ هاووڵاتیش گیانیان لەدەستدا.