سەرۆک بارزانی: لە رێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد و گوتی پارتی "هەمیشە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە، بەڵام لایەنەكانی تر دووساڵ بەربەست بوون لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، ئەو لایەنانە "ئێستاش بە پشتیوانی دەرەكی هاتوون لە رێگەی دامەزراوەیەكی نادەستووری شێوازێكی وا لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەسەپێنن كە دوورە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ساڵی 2014ـەوە یاریی سیاسی بە بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان دەكرێت، ئەویش بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان."
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەشدا كە "شەڕی برسیكردنی خەڵكی كوردستانیان كردووە بۆ بێزاركردنی خەڵك. عێراق لەمێژە سیاسەتی گۆشەگیركردن و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەبەر و ئێستایش دادگەی فیدراڵ وەك چەك و ئامرازێك بۆ بەردەوامیی ئەو سیاسەتە بەكاردەهێندرێت."
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە لە نیگەرانی و تێبینیەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و داواكاری و مەرجەكانی پارتیان لەگەڵ یونامی و لایەنە سیاسیەكانی عێراقی باسكردووە و "ئەمریكا خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و لەگەڵ لایەنەكانی تر بۆ گەیشتن بە چارەسەر لە دیالۆگ بەردەوام بێت."
18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی "زۆر ڕوونە". پارتی "لەگەڵ هەڵبژاردنە، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردنێك دایە كە شەفاف بێت و تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و سەپاندنی شێوازی نایاسایی بە جۆرێك كە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەنجامەكان لە بەرژەوەندیی خۆیان یەكلایی بكەنەوە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 39 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە دوو کورسی.
سەرۆک بارزانی باس لەوەش دەکات، "ناشكرێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بە بێ بەشداریی پێكهاتەكان و پەرلەمانێك پێك بهێندرێت كە نوێنەری پێكهاتەكانی تێدا نەبێت، هاوكات پارتی كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیی تەكنیكی هەیە لەسەر دابەشكردنی كورسیی پارێزگاكان و شێوازی كاری كۆمیسیۆن. هەروەها پێویستیش دەكات لایەنە عێراقییەكان پابەندی ئەو رێككەوتنە بن كە لەكاتی پێكهێنانی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت رێككەوتنی لەسەر كراوە و هیچ لە خاڵەكان جێبەجێ نەكراون."
سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان تەنیا هەڵبژاردن نییە "بەڵكو بڕینی قووت و مووچەی خەڵك و پەلاماردان بۆ سەر هەرێم و گرتنەبەری سیاسەتی نادروستە لەدژی هەرێمی كوردستان."
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، ئەگەر هەموو لایەنەكان خوازیاری ئەوە بن كە پارتی بەشداری هەڵبژاردن بێت خۆ دەبێ رەچاوی تێبینی و سەرنجەكانی پارتیش بكەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد كە لە خزمەتی سەقامگیری و پڕۆسەی دیموكراسیدا بێت. هەڵبژاردنێك كە بە ئەجێندای دەرەكی و بە دەستوەردانی نایاسایی و نادەستووری بۆ سەپاندنی شەرعیەتێكی ساختە بەڕێوەبچێت چ جۆرە سەقامگیرییەك بەدی دەهێنێت و چۆن تەعبیر لە ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەران دەكات؟"
سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڵوێستی پارتی و تێبینیەكانی "زۆر روونن" و داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كە پاڵپشتی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف و یاسایی و دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك بن.