کۆمەڵ و گۆڕان پێیانوایە هەڵبژاردن بەبێ بەشداریی پارتی "ئەستەمە"

رووداو دیجیتاڵ
 
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. کۆمەڵی دادگەری پێیوایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، هەڵبژاردن بێ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەستەمە. بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان بۆچوونی هەیە.
 
ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، رۆژی یەکشەممە 31.3.2024 بە فەرمی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکەن
 
کۆمەڵی دادگەری: بۆ هەڵبژاردن ئامادەین 
 
عەبدولستار مەجید، ئەندامى ئەنجوومەنى سیاسیی کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە تایبەت بوو بە ئامادەکاریی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەڵبژاردنە، چونکە ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی چاودێری لە هەرێمی کوردستان نەماوە".
 
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵی دادگەری گوتیشی، "حکومەت کاربەڕێکەرە؛ کۆمیسیۆن نەماوە؛ پەرلەمان نەماوە؛ ئەنجوومەنی پارێزگەکان نەماون. ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت، مەترسی هەیە قەوارەکەش نەمێنێت".
 
لەبارەی ئەگەری بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکەدا، عەبدولستار مەجید، کە بە گوتەی خۆی بەربژێری پارتەکەیەتی بۆ هەڵبژاردن و سەرۆکی لیستەکەیانە لە بازنەی هەولێر، گوتی، "لە دیموکراسیدا ئاساییە هێزێک بەشداری هەڵبژاردن نەکات، بەڵام واقیعی نییە پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردن نەکەن".
 
لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ''لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین".
 
ئەندامێکی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان: یەکشەممە بەربژێرەکانمان رادەست دەکەین 
 
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و بەربژێری ئەو حیزبە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "یەکێتی بە هەموو شێوازێک ساز و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن".
 
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی گوتیشی، رۆژی یەکشەممە 31.3.2024 بە فەرمی لیستی ناوی بەربژێرەکانیان پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکەن.
 
گەڵاڵی رەخنە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، پارتی خوازیاری هەڵبژاردنێکە کە پێش ئەنجامدانی، کورسییەکانی مسۆگەر کردبێت و گوتیشی، "ساڵی 2013 یەکێتی لە هەڵبژاردندا شکستی هێنا، بەڵام شکستەکەی قبووڵ کرد و ئەنجامەکانی پەسندکرد و بە هیچ جۆرێک کێشەی بۆ پرۆسەکە و سیستمی سیاسی دروستنەکرد. هەربۆیە ناکرێت پارتی ئێستا کێشە بۆ پرۆسەکە دروست بکات. پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بەڕێوەبچێت".
 
 
گۆڕان: مەترسی گەورە هەیە 
 
چۆمان محەممەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە رووداوی ئەمڕۆ کە لە ستۆدیۆی سلێمانییەوە بەشداربوو، گوتی، "هەڵبژاردن نەکرێت، مەترسی زۆر گەورە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە و بە دوور نازانرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت".
 
چۆمان محەممەد گوتیشی، "هەڵبژاردن فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت".
 
چۆمان محەممەد کە بە گوتەی خۆی سەرۆکی لیستی گۆڕانە لە بازنەی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی، "لیستی بەربژێرەکانمان پێشکێشی کۆمیسیۆن نەکردووە، بەڵام لیستەکەمان ئامادەیە و هیچ گرفتێکمان نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "دواخستنی هەڵبژاردن نەریتێکی ناشیرینە لە هەرێمی کوردستاندا و بزووتنەوەی گۆڕان دۆخی باش بێت یان خراپ، لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشکێشکاری رووداوی ئەمڕۆ کە ئایا بێ پارتی هەڵبژاردن دەکرێت لە کوردستان؟ چۆمان محەممەد گوتی، "بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵبژاردن ناکرێت". 
 
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. 
 
هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوباتدا دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان، ئەوەش کاردانەوەی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و 15 پارتی کریستیان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند؛ هاوکات 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد.