وەزیری بازرگانی بۆ رووداو: هەوڵ دەدەین پێش وەرزی دروێنە پارەی گەنمی جووتیاران وەربگرین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەڵێ، بۆ زیاتر لە 204 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە وەزیری بازرگانیی عێراقەوە كردووە، ئەویش پێی گوتووە، "تەنیا پارەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دوانەكەوتووە."
كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ زیاتر لە 204 ملیار و 750 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بە وەزیری بازرگانی حكومەتی عێراقەوە كردووە، بەڵام هێشتا وەڵامێكی یەكلاییكەرەوەی وەرنەگرتووە و گوتی، "بە وەزیری بازرگانیی بەغدام گوت، پارەی جووتیارانی كوردستان زۆر دواكەوتووە. ئەویش پاساوەكەی ئەوە بوو كە پارەی گەنمی جووتیارانی نەینەوا، كەركووك، سەڵاحەدین و دیالەش دواكەوتووە."
وەزیری بازرگانی هەرێمی كوردستان گوتی، ئەوەی بە وەزیری بازرگانیی عێراق گوتووە كە دەبێت پێش دەستپێكردنی وەرزی دروێنەی گەنمی ئەم ساڵ كە بڕیارە لە پارێزگاکانی عێراق لە 15ی مانگی چوارەوە دەستپێبكات، پارەكەی هەرێمی كوردستان بنێرن و گوتیشی، "ئەویش بەڵێنی دا هەموو توانای خۆی بخاتەگەڕ تاوەكو پێش ئەو وادەیە پارەكە بگات."
پار جووتیارانی هەرێمی كوردستان بە نرخی پاڵپشتیكراو نزیكەی 400 هەزار تۆن گەنمیان لێوەرگیرا.