لە هەڵەبجە گازی ماڵان دابەش دەکرێ


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامییەتی هەڵەبجە رایگەیاند، سبەی کاژێر 08:00ـی بەیانی لە رێگەی بریکارەکانەوە گازی ماڵان (LPG) دابەش دەکەن.
 
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی نزیکەی هەزار بوتڵ گاز دابەش دەکەین، کە 540ـی بۆ ماڵانە و ئەوی دیکەش بۆ نانەواکان".
 
بەگوێرەی قایمقامییەتی هەڵەبجە، هەرکەس گاز وەربگرێت پێویستە فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتمانی پێبێت.
 
لە هەڵەبجە چوار کارگەی گاز هەن، دوویان پشکی گازیان لە کەرکووکەوە دابیندەکرێ. سمکۆ سالار دەڵێت: "هاوکارێکی باشبوون خەڵک بێ گاز نەبێ." دووەکەی دیکە لە کێڵگەی کۆرمۆر، بە گوتەی سمکۆ سالار، دوای مانگێک ئەمڕۆ گازیان بۆ ناردوون.
 
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، یەکشەممە 30 هەزار بوتڵ گازی ماڵان لە سنووری پارێزگای هەولێر دابەش دەکەن.
 
ئەو گازە حکومییەی دابەش دەکرێ لە هەرێمی کوردستان، بوتڵی بە 8500 دینارە.
 
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، دوێنێ بە رووداوی گوت: "لەبەرنامەدایە رۆژی سێشەممە کاروانێکی دیکەی گازی ماڵان دابەش بکرێ".
 
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە 28ـی شوباتەوە گازی حکومیی کەم بووەتەوە و نرخی گازی بازرگانی بەرزبووەتەوە بوتڵی بۆ زیاترلە 25 هەزار دینار.