شیعەکان هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە "مەترسیدار" و "فیتنە" ناودەبەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر شاری دهۆک و بەئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی لێکەوتەوە. لایەنە شیعەکان هێرشەکە بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" و هەوڵێک بۆ تێکدانی "یەکڕیزیی نیشتمانی" و "نانەوەی فیتنە" ناودەبەن.
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، بە درۆن هێرش کرایە سەر سنووری پارێزگای دهۆک و یەکێک لە درۆنەکان ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج. نێچیرڤان بارزانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، هۆشداریی دا و رایگەیاند: "گرووپێک حەق بە خۆی بدات هێرش بکاتە سەر شوێنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشهاتێکی مەترسیدارە."
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی راگەیاند، لەوکاتەوەی شەڕ دەستیپێکردووە، "پێنج جار هێرشکراوەتەسەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێ".
دەوڵەتی یاسا: هێرشەکە یەکڕیزیی نیشتمانی لاواز دەکات
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ماڵی سەرکردەکانی، لە لایەن هەر لایەنێکەوە بن، "کارێکی رەتکراوەن". روکابی جەختی لەوە کردەوە "ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی لاوازکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە وڵاتدا."
عەسائیب ئەهلی حەق: پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکرێن
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی هێرشەکەی بە کارێکی "ناخۆش، قبووڵنەکراو و پەرەسەندنێکی مەترسیدار" ناوبرد.
شەیحانی بە رووداوی گوت: "پێویستە وردبینییەکی تەکنیکیی هاوبەش ئەنجام بدرێت و دەبێت بگەینە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە و ناسنامەیان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت."
سەرکردەکەی عەسائیب داوای یەکگرتوویی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ پەرەپێدانی تواناکانی وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و راگرتنی هەموو جۆرە پەرەسەندنێکی سەربازی.
رەوتی حیکمە: ئامانج لێی نانەوەی فیتنەیە
رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، هێرشەکە وەک هەوڵێک بۆ نانەوەی ئاشووب دەبینێت. حەسەن فەدعەم جەنابی، بەرپرسی کاروباری دەوڵەت لە رەوتی حیکمە، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بۆردوومانانە خزمەت بە عێراق ناکات، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نانەوەی فیتنە و ئاشووب لە نێوان پێکهاتە و نەتەوەکان، کە تەنیا خزمەت بە دوژمنان دەکات."
فەدعەم، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانەی ئەو کارە دەکەن "لە یاسا دەرچوون" و دەیانەوێت کارتەکان تێکەڵ بکەن و ململانێی ناوخۆیی دروست بکەن. هەروەها گوتی: "هەرێمی کوردستان و کورد بەشێکی سەرەکی و دانەبڕاوی عێراقن و هاوبەشمانن لە فەرمانڕەواییکردنی وڵاتدا، عێراق هەر بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە."