ئەحمەد شەرع: لە سووریای نوێدا رێگە بە هیچ دەوڵەتێک لەنێو دەوڵەت دا نادەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت، لە سووریای نوێدا سازش لەسەر یەکپارچەیی خاکی وڵات و سەروەریی دەوڵەت ناکەن و رێگە نادەن هیچ هێزێکی چەکدار یان ئیدارەیەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندیدا هەبێت.
رۆژی دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا؛ ئەحمەد شەرع دیدگای خۆی بۆ قۆناخی داهاتووی وڵاتەکەی خستەڕوو و گوتی: "تێڕاونیمان بۆ سووریای نوێ لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەریی دەوڵەتە بەسەر تەواوی خاکەکەیدا، ئەمەش ئەو بنەمایەیە کە هەرگیز سازشی لەسەر ناکەین."
ئەحمەد شەرع جەختی لەوە کردەوە، نابێت هیچ هێزێکی رکابەر بۆ دەوڵەت هەبێت و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا قبووڵ ناکەین. رێگە نادەین چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە نیشتمانییەکاندا هەبێت، هەروەها رێگە بە هیچ دەسەڵات و ئیدارەیەک نادەین کە بڕیارەکانی دەوڵەتی ناوەندی تێپەڕێنێت."
سەرۆکی کاتیی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، بنیادنانی سووریایەکی بەهێز و سەقامگیر پێویستی بەوەیە کە "هێز و بڕیار تەنیا و تەنیا لەدەست دامەزراوە شەرعییەکانی دەوڵەتدا بێت"، ئەوەش وەک گەرەنتییەک بۆ پاراستنی ئاسایشی سەرجەم سوورییەکان.
ئەم لێدوانانەی ئەحمەد شەرع لە کاتێکدایە، سووریا لە قۆناخێکی هەستیاری گواستنەوەدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیریی ئەو وڵاتە بەردەوامن.
کانوونی یەکەمی رابردوو هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیانکردە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان.
کۆتایی مانگی کانوونی دووەم، دیمەشق و هەسەدە لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێککەوتن، دیارترینیان بەڕێوەبردنی ناوچە کوردییەکان بوو لەلایەن کورد و تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا.
لای خۆیەوە راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "من سوپاسی شەرعم کرد توانی لەگەڵ پێکهاتەی کورد لە سووریا رێکبکەوێت و بۆ ئەو دەرفەتەی رەخسا". دەشڵێت، "ئەو پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو هێزەکانی سووریا بەردەوامە، تاوەکو هیچ تێڕوانینێکی جیاواز لەسەر ئاسایش لەوێ نەمێنێت. دەمەوێت جارێکی دیکە سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە ئەو هەر ئێستا جەختی لێکردەوە، قۆرخکردنی بەکارهێنانی هێز (چەک) تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە و تەنیا دەوڵەت خاوەنی ئەم مافەیە. ئەمە بە تەواوی هەمان ئەو تێگەیشتنەی ئێمەیە بۆ سەروەریی یاسا و دابەشکردنی دەسەڵات".