کارەبای هەولێر: کێشەی کارەبای گەڕەکی کوردستان چارەسەر دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان لە هەولێر گلەیی لەوە دەکەن پێنج رۆژە بەهۆی سووتانی بگۆڕ (محاویلە)ەوە بێ کارەبان و داوا دەکەن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێ. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێریش دەڵێت: "ئەمڕۆ یان سبەی کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."
ئیسماعیل ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی کوردستان لە هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە بگۆڕی کارەبای سێ کۆڵانی گەڕەکی کوردستان سووتاوە و بێ کارەبان.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوە پێنج رۆژە کارەبامان نییە و موەلیدەش نییە سوودی لێ ببینین. لە دۆخێکی زۆر سەختداین. کاتێکیش دەچینە فەرمانگەی کارەبا تەنیا دەڵێن چاوەڕێ بکەن."
بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر لەبارەی کێشەی ئەو گەڕەکەوە گوتی، تیمەکانیان خەریکی چاککردنەوەی ئەو زیانانەن بەهۆی لافاوەوە بەر فیدەر و کێبڵەکان کەوتووە.
بەڕێوەبەری کارەبای هەولێر بەڵێنی دا بەمزووانە کارەبا بۆ ئەو ماڵانە بگەڕێتەوە و گوتی: "پشتیوان بە خودا، ئەمڕۆ ئێوارە یان سبەی بگۆڕیان بۆ دەگۆڕدرێ و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت."
بەختیار قاسم گوتیشی: "بەشێک لە کێبڵی کارەبای فیدەرێکی گەڕەکەکە ئاو زیانی پێگەیاندبوو، کاری تێدا دەکەین. یەکێک لە فیدەرەکانیش کارا دەکەینەوە."