داخستنی ئاسمانی عێراق هەرێمی کوردستانی کردووەتە دەروازەی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان و داخستنی ئاسمانی عێراق، گەشتیاران و هەڵگرانی رەگەزنامەی بیانی بۆ چوونە دەرەوە لە وڵاتەکە پەنا دەبەنە بەر رێگەی وشکانیی هەرێمی کوردستان. رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل و پاس لە بەغداوە بەرەو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەڕێدەکەون.
ناجی نەجم و دوو برای دیکەی کە دانیشتووی نیوزیلاندن، سێ رۆژ پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەم دواییە، بەهۆی نەخۆشیی دایکیانەوە گەڕابوونەوە بەغدا. ئێستا بەهۆی داخستنی بەردەوامی ئاسمانی عێراق، ناچارن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە خۆیان بگەیێننە باکووری کوردستان و لەوێوە بگەڕێنەوە.
ناجی بە رووداوی گوت: "ئەم ئۆتۆمبێلانە دەمانگەیێننە هەولێر، لە هەولێریشەوە بۆ تورکیا، دواتر بۆ سەنگاپوور و ئینجا نیوزیلاند. گەشتەکەمان نزیکەی 25 کاژێر دەخایێنێت و 18 کاژێر بە رێگەوە دەبم. زۆر ماندووکەرە، بەڵام ناچارین و پارەشمان تەواو بووە. ڤیزەی 10 رۆژیان پێداوم بۆ ئەوەی لە عێراق دەربچم؛ ئازاری زۆرمان چەشت."
هەرچەندە شەڕ و داخستنی ئاسمان بازاڕی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی بەتەواوی وەستاندووە، بەڵام بازاڕی کۆمپانیا گەشتیارییە وشکانییەکان زۆر گەرموگوڕە.
ئەحمەد خالید، بەڕێوەبەری دانوستاندنکاری کۆمپانیای گەشتیاریی سەفاری باسی دۆخی کارەکەیان دەکات و دەڵێت: "پێشتر بەپێی وەرزەکان بازاڕمان هەبوو؛ لانی کەم رۆژانە 100 بلیت و لە وەرزە باشەکانیشدا 500 بلیتمان دەبڕی، بەڵام ئێستا هەمووی وەستاوە و وەکو دەبینیت ئۆفیسەکەمان چۆڵە."
لە بەرامبەردا، یاسر ئەحمەد عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی وشکانییە و کارەکانیان زیادی کردووە. ئەو دەڵێت: "رۆژانە 7 بۆ 8 ئۆتۆمبێل بەڕێدەکەین، ئەوە جگە لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان. گەشتەکانمان لە کاژێر 11:00ـی بەیانییەوە رێکخراون، بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ کاتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکانی ئامەد (دیاربەکر) و شرنەخ بکەین."
ئەیاد مەندەلاوی، یەکێکە لە شۆفێرانی رێگەکە و ئاماژە بە جۆری سەرنشینەکانی دەکات: "زۆرینەی گەشتیارانمان هەڵگری رەگەزنامەی ئەورووپی، بەریتانی و رووسین، و جگە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هیچ دەروازەیەکی دیکەیان نییە لێیەوە دەربچن."
زیانەکانی داخستنی ئاسمان تەنیا گەشتیاران و کۆمپانیاکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو حکومەتی عێراقیش زەرەرمەندێکی سەرەکییە. مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داهاتی رۆژانەی ترانزێتی ئاسمانیی عێراق 360 هەزار دۆلارە و بەهۆی داخستنی ئاسمانەوە تاوەکو ئێستا عێراق نزیکەی 11 ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە.
پەیامنێری رووداو لە بەغداوە دەڵێت: "دۆخی ناسەقامگیری عێراق، ئێستا هەرێمی کوردستانی کردووەتە فریادرەسێکی نایاب بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت گەشت بۆ دەرەوەی عێراق بکەن. رۆژانە دەیان ئۆتۆمبێل و پاس لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک ئەوەی بڵێیت 'هەموو رێگەکان دەچنەوە هەرێمی کوردستان'."