نەتەوەیەکگرتووەکان: ساڵی رابردوو 3077 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست و زەریای ئەتڵەنتیک گیانیان لەدەستداوە

رووداو- هەولێر
 
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کەس لە دەریای نێوەڕاست و زەریای ئەتڵەنتیک گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش کاتێک هەوڵیانداوە بگەنە ئەوروپا. 
 
بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رۆژی هەینی 29-4-2022 بڵاویکردوەتەوە، ساڵی رابردوو 3077 کەس لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەریای نێوەڕاست و زەریای ئەتڵەنتیک گیانیان لەدەستداوە؛ ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2020دا و لە هەمان ئەو دەریا و زەریایە 1544 کەس گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان وردەکاری زیاتری لەو بارەوە درکاندووە و دەڵێت، 1924 کەس لە 3077 کەسەکە لە رێگەکانی بەشی نێوەڕاست و رۆژئاوای دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە و 1153 کەسەکەی دیکەشیان لەو رێگە ئاوییەدا گیانیان لەدەستداوە کە خەڵکی لە باکووری ئەفریقاوە بە مەبەستی گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری بەکاریان هێناوە. 
 
شابیا مانتو، گوتەبێژی ئاژانسی پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، زۆربەی کۆچبەرەکان بۆ پەڕینەوەیان بەلەمی زۆر خراپیان بەکارهێنابوو و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە زۆرجار بەلەمەکان وەربگەڕێن یان تێکبچن و ببنە هۆی گیانلەدەستدانی کۆچبەرەکان. 
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە پەڕینەوەی کۆچبەرانەوە هەیە، ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵی رابردوو 53 هەزار و 323 کۆچبەر بە بەلەم گەیشتوونەتە ئیتاڵیا و ئەوەش بەراورد بە ساڵێک پێشتر 83٪ زیادیکردووە. هەروەها هەر لە ساڵی 2021دا 23 هەزار و 42 کەس گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری.