زیندانییەک لە نەخۆشخانەیەکی دهۆک 'دەچێتە ئاودەست' و هەڵدێت؛ 'بە تاوانی کوشتن سزا دراوە'

 
رووداو دیجیتاڵ

زیندانییەک لە دهۆک هەڵات. پەیامنێری رووداو دەڵێت، "بە تاوانی کوشتن سزا دراوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی نیسانی 2025 حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری رووداو لە بووڵتەنی کاژێر 13:00دا گوتی، "ئەو زیندانییە لە نەخۆشخانەی ئازادی هەڵاتووە، نەوەک لە چاکسازیی زرکا، وەکو ئەوەی لە هەندێک شوێن باس دەکرێت. زیندانییەکە بە تاوانی کوشتن سزادرابوو و لە چاکسازیی زرکای شاری دهۆک ماوەی سزاکەی بەسەردەبرد."
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، ئەو زیندانییە دوو ساڵی لە زیندان مابوو بۆ تەواوکردنی سزاکەی؛ هاوکات نەخۆشییەکی درێژخایەنی هەیە و زۆرجار لە زیندانەوە دەبرایە نەخۆشخانە.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، زیندانەکە ئەوەی بە هەل زانیوە و هەڵاتووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، "زیندانییەکە گەنجە و بە تاوانی کوشتنی ژنێک سزادرابوو. ئەو کەسە لە نەخۆشخانەی ئازادی داوای چوونە ئاودەستی کردووە. پۆلیس کەلەپچەی دەستی کردووەتەوە و ئەویش لە پەنجەرەی ئاودەستەکەوە هەڵاتووە. گەنجەکە خەڵکی سنووری قەزای شێخانە."
 
حەیدەر دۆسکی گوتیشی، "شوێنەکە کامێرای چاودێریی لێیە و هەوڵ دەدرێت لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە بدۆزرێتەوە."