بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەبارەى رووداوەکانی سووریا: رێگەچارەی سەربازى هەرگیز ئەنجامى نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا رایگەیاند، نیگەرانن لەو پێشهاتانەى لە شارەکانى سەحنایا و جرمانا روویانداوە و دەڵێت، "رێگە چارەى سەربازیى هەرگیز ئەنجامى نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانى سووریا".
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی نیسانى 2025، بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا راگەیێندراوێکى لەبارەى پێکدادانەکانى نێوان هێزەکانى سەر بە حکومەتى سووریا و چەکدارانى سەر بە پێکهاتەى دروز بڵاوکردەوە.
رۆژی 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس، دەمەقاڵێ کەوتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێکدراوەتەوە. کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە (د. خ)؛ دەنگەکە بڵاوکراوەتەوە و دەنگۆی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە. ئەمەش شەڕ و پێکدادانی لەنێوان دروزەکان و هێزەکانی ئاسایشی سووریا لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لەبارەی پێکدادانەکان دەڵێت، لە دوو رۆژى رابردوودا رووداوى نەخوازراو لە شارەکانى سەحنایا و جەرماناى پارێزگاى گوندەوارى دیمەشق لە سووریا روویانداوە، بەهۆى ئەوەى چەند گرووپێکى چەکدار هێرشیانکردە سەر ئەو دوو شارە و قوربانى لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى هەرێمى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا نیگەرانى دەربڕى لەو پێشهاتانەى سەحنایا و جرمانا و داواى لە سەرجەم لایەنەکان دەکات، دۆخەکە هێور بکەنەوە.
داواشی لە حکومەتى سووریا کرد رێگرى بکات لە دووبارەبوونەوەى ئەوەى لە کەناراوکانى سووریا روویاندا لە "کوشتنى هاووڵاتییانى سڤیل لەسەر بنەماى تائیفى".
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەڕ لە گەڕەکی ئەشرەفییەی سەحنایای سەر بە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، لەنێوان سوپای سووریا و گرووپی چەکداری ریجالکەرامە کە دروزین بەردەوامە.
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە:"پێویستە ئەو هۆکارانە چارەسەر بکرێن کە دەبنە هۆى گرژى و لەبەرەیەکهەڵوەشانى کۆمەڵگەى سووریا و بنیاتنانى سیستمى دیموکراسى فرەیی کە نوێنەرایەتیی سەرجەم سووریاییەکان بکات و دیالۆگ بکرێتە رێگەچارەی ناکۆکییەکان و پرسە هەڵپەسێراوەکان.
بەڕوەبەرایەتییەکە داوای دوورکەوتنەوە لە رێگەچارەى سەربازى دەکات و دەڵێت، "ئەو رێگەیە هەرگیز ئەنجامى نەبووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکانى سووریا و ئەزموونى رژێمى پێشوو باشترین نمونەیە بۆ ئەوە".