ئاسایشی هەولێر شەش بازرگانیی مادەی هۆشبەری دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر شەش کەسی بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کرد، دووانیان ئافرەتن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، "بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، باندێکی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرمان دەستگیر کرد، کە لە شەش تۆمەتبار پێکهاتبوون."
 
بەگوێرەی ئاسایش، تۆمەتبارەکان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بە ناوەکانی (ش.ش.ع)، (س.ع.ع)، (ی.هـ.ی)، (ر.ر.م)، (د.ر.ف) و (م.س.ک)، کە دووانیان ئافرەتن.
 
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند "لەکاتی دەستگیرکردنیان، دەستمان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆری  کریستاڵ و ماریجوانا، هەروەها دوو دەمانچەی بێ مۆڵەت، نارنجۆکێک و کەلوپەلی پێوان و کێشانی مادەی هۆشبەردا گرت."
 
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پار دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بە مادە هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.