ئاماری 10 ساڵ؛ لە هەرێمی کوردستان 431 کرێکار لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە


رووداو  دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بۆ رووداو، لە 10 ساڵی رابردوودا تاوەکو ئەمڕۆ، 431 کرێکار لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 18یان لە چواری مانگی ئەمساڵدا بوون.
 
عەبدولقادر ناوپردانی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ 18 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەکاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە".
 
بەگوێرەی ئامارەکە، ئەو کرێکارانەی ئەمساڵ گیانیان لەدەستداوە زۆرینەیان لە سلێمانی بوون کە 10 کرێکارە. هەروەها لە دهۆک سێ کرێکار، لە هەولێر دوو کرێکار، زاخۆ دوو کرێکار و لە هەڵەبجە یەک کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
 
ناوپردانی گوتی: "ساڵانە ئامارەکان دەگۆڕدرێن؛ ئەم چوارمانگە تاوەکو ئێستا زۆرترین گیانلەدەستدان لە سلێمانی بووە، جاریش هەبووە زۆرترین گیانلەدەستدان لە هەولێر بووە".
 
سەندیکاکانی کرێکاران هۆکاری گیانلەدەستدانی کرێکار لە کاتی کاردا دەگێڕنەوە بۆ کەمتەرخەمی کۆمپانیاکان بە دابینکردنی کەرەستەکانی خۆپارێزی و بەشێکیشی بۆ پابەندنەبوونی خوودی کرێکارەکە بە خۆپارێزی دەزاندرێت.
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ئاماری مردنی کرێکاران لە ساڵانی رابردوو بەمشێوەیە بووە:
 
-ساڵی 2025: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2024: 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2023؛ 53 کرێکار گیانیان لەدەستداوە. 
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.