بریندارێکی دیکەی رووداوەکەی کەرکووک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بریندارێکی رووداوە هاتوچۆکەی رۆژی یەکشەممە، 26ی ئەم مانگەی شەقامی دەروازەی کەرکووک گیانی لەدەستدا، بەمەش ژمارەی قوربانییەکان بۆ 7 کەس بەرزبووەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی روویدا و بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە زیاتر لە 35 ئۆتۆمبێل دا.
کەسەکە ناوی بەیان رەحموڵڵا فەتحوڵڵاـیە و لەرووداوەکەی شەقامی دەروازە برینداربوو لە نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
پارێزەر ئاراس ئیسماعیل کە دەکاتە پورزای بەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند”بەیان بەسەختی بریندار بوبوو لەرۆژی یەکەم خرایە بەشی چاودێری چڕ لەنەخۆشخانەی ئازادی بەڵام دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک کرا و لەژێر چاودێریدابوو.
ئاراس ئیسماعیل گوتیشی”بەهۆی سەختی برینەکەی دوای نیوەڕۆ ئەمڕۆ گیانی لەدەستداو تەرمەکەی رەوانەی داد پزیشکی کەرکووک کرا.
بە گیانلەدەستدانی ئەم بریندارە تاوەکو ئێستا حەوت کەس لەرووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.