ئەمڕۆ تەرمی تەها کەریمی دەگەڕێندرێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان
رووداو- هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 11:30، تەرمی تەها کەریمی، سینەماکار و دەرهێنەری کورد بگەڕێندرێتەوە رژهەڵاتی کوردستان.
سینەماكار و هاوكاری تۆڕی میدیایی رووداو، تەها كەریمی، كاژێر 8ی شەوی 29-5 لە ئیبراهیم پاشا بە رووداوی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستدا، ئەو رووداوە لە كاتێكدایە، كە ناوبراو لەو پەڕی پڕكاری و بەرهەمهێنانی دۆكیومێنتاریدا قاڵببووەوە.
تەهای كەریمی، ساڵی 1976 لە شاری (بانە)ی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و كۆلێژی سینەما و شانۆی زانكۆی هونەری تارانی تەواو كردووە. لە ساڵی 1997 یەكەمین كاری سینەمایی و دۆكیومنێتەری بەرهەمهێناوە. لە ساڵی 2004ەوە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بووە و چەند خەڵاتێكی ناوخۆیی و دەرەوەی بەدەستهێناوە لە بواری دەرهێناندا.
تەهای كەریمی، لە سەرەتای ئامادەكارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، بووە یەكێك لە هاوكارانی بەشی دۆكیومێنتەری رووداو و لەو بوارەدا چەند كارێكی دۆكیومێنتەری بەرهەمهێناوە. بەڵام دواهەمین كاری ئەو، كە لەقۆناخی كۆتایدا بوو، كارێكی دۆكیومێنتەری بوو بەناوی (دەستنووسەكانمان).
لە دیارترین ئەو خەڵاتانەی كەریمی بەدەستی هێناون :
- خەڵاتی باشترین فیلمی درامی كورت بۆ فیلمی " كوێستانی سپی"، لە بیست و سێیەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كورتی تاران.
- خەڵاتی باشترین فیلمی درامی بۆ "كوێستانی سپی " لە یەكەمین فستیڤاڵی فیلمی هەولێر.
-خەڵاتی رێز لێنان لە یەكەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی جەیپور (هیندستان) بۆ "كوێستانی سپی ".
" نەوت، شێرپەنجەی شارەكەمان " خەڵاتی تایبەتی تەلەفیزیۆنی ئیدرلی رۆمانی وەرگرتووە، خەڵاتی دووهەمین فێستیڤاڵی رەشی بەرلینی وەرگرتووە، هەروەها لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی ئەلجزیرە لە قەتەر و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران نمایش كراوە.
فیلمی سینەمایی " كوێستانی قەندیل " بەشداری 13 فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كردووە و خەڵاتی باشترین سیناریۆی شانزەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئۆرێنسەی ئیسپانیا و خەڵاتی باشترین فیلمی دیجیتاڵی هیندستانی وەرگرتووە.
(رووداو) سهرهخۆشی له بنهماڵه و كهسوكاری سینهماكار و دهرهێنهری ناوداری كورد، تههای كهریمی دهكات.