لە سێمێل شوێنەواری شاری زاخیکۆ دەدۆزرێتەوە؛ مێژووەکەی بۆ 1550 - 1350 پێش زایین دەگەڕێتەوە

 
رووداو - سێمێل

شوێنەواری شاری زاخیکۆ بەپێی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان لە ساڵی 1550 تاوەکو 1350ی پێش زایین، بەهێزترین سەنتەری دەوڵەتی میتانی بووە. تیمێکی کوردی و ئەڵمانی هەڵکەندنیان بۆ شوێنەوارەکە کردووە، ئاسەواری دیوار و خانوو بیندراون کە بە خشت دروستکراون لەگەڵ 200 تابلۆی نووسینی بزماری.
 
د. حەسەن ئەحمەد، بەرپرسی رێکخراوی شوێنەوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای ئەوەی هەڵکەندنەکە کرا، نەخشەی ئەم شارە هەمووی دیاریکرا، کە لە چی پێکهاتووە، رێگە و خانووەکانی نێو شارەکە چۆن بوون. ئەمەش وێڕای ئەو خانووەی کە لە ساڵی 2018 دۆزرابوویەوە لەگەڵ 200 تابلۆی نووسینی بزماری کە هەمووی باسی ژین و ژیاری خەڵکی ئەو دەڤەرە دەکەن."
 
تیمی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلوپوور لە دهۆک و رێکخراوی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لەگەڵ زانکۆکانی توپێگن و فرایبۆرگی ئەڵمانی ماوەی 40 رۆژە هەڵکەندنیان بۆ ئەم شوێنەوارە کردووە، دواتر بە نایلۆن و خۆڵ دایانپۆشیوە بەمەبەستی پاراستنی.
 
نازم زێباری، شوێنەوارناس دەڵێت، "ئەوەی ئێمە بینیمان بەشی هەرەزۆری دیوار بوون لەگەڵ ئێسکەپەیکەر، چەند نووسینێکی بزمارییشمان بینی، ئەگەر ئاستی ئاو نزم بێت، دەتوانین زیاتر کاری لەسەر بکەین بۆئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم شوێنە وەربگرین."
 
لە ساڵی 2018 یەکەمین باڵەخانە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ وایکرد کە خانووی زیاتر دەربکەون. شوێنەوارناسان دەڵێن، ئەم شوێنە پێویستی بە هەڵکەندن هەیە، بەڵام ئەوە بەندە بە نزمبوونەوەی ئاستی ئاو.