یوسف محەممەد: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کورستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق رێکبکەون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ بەنایاسایی ناساندنی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان "قۆناخێکی گرنگە لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان". دەشڵێت، "دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کورستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق رێکبکەون تاوەکو ئەو کۆمیسیۆنە سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات".
ئەمڕۆ سێشەممە یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە یەکێکە لەو کەسانەی سکاڵاکەی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە، لە بەغدا بە مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگەی فیدراڵیی عێراق قۆناخێکی گرنگە لە بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان".
یوسف محەممەد گوتیشی، بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کارا نەبووەتەوە، داوای کردووە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان بکات.
یوسف محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، هەر بڕیار و یاسایەک دوای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە 6-11-2022ـەوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێت "نایاسایی و نادەستوورییە".
یوسف محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکەنەوە لە رووی تەکنیکییەوە لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق رێکبکەون کە ئەوان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بکەن؛ گوتیشی، تاوەکو ساڵی 2013 کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نەبووە، کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکانی لە هەرێمی کوردستانیش هەڵبژاردنی بەڕێوەبردووە.
یوسف محەممەد باسی لەوەشکرد کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پێشی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدایە و ئەگەر رێککەوتن بکرێت، دەتوانرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا بکرێت.
بە گوتەی یوسف محەممەد، دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان رەوایەتییان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و "دەگۆڕدرێن بۆ کاربەڕێکەر؛ ئەوەشی رەوایەتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە".
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆکبوونی" لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە، "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."