کۆمیسیۆن: زیاتر لە 460 هەزار کارتی بایۆمەتری ئامادەن و وەرنەگیراونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، 463 هەزار کارتی بایۆمەتری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەن و داوا لە خاوەنەکانیان دەکات وەریانبگرنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-05-2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کاراکرایەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و نووسینگەی بەغدا، کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایی دەکەین''.
 
بەگوتەی نەبەرد عومەر، ''لیژنەیەک لە بەغدا پێکهاتووە و دێتە هەولێر، لەمەودوا وەک کارئاسانییەک، لێرەوە کار بۆ راییکردنی کارەکانی هەڵبژاردن دەکەن".
 
بڕیارە تاوەکو کۆتایی کاتی کاری فەرمیی رۆژی یەکشممە 2ـی حوزەیرانی 2024، تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران، بەتایبەتی لەدایکبووانی ساڵی 2006 بەردەوام بێت، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە گوتی، "رۆژانی هەینی و شەممەش کە پشوون، کارمەندانمان کار دەکەن و خەڵک دەتوانن بۆ تۆماری بایۆمەتری سەردانی بنکەکان بکەن".
 
لە هەولێر 53 بنکەی تۆماری بایۆمەتری، لە دهۆک 43 بنکە و لە سلێمانیش 76 بنکە هەن. نەبەرد عومەر ئەوەشی خستەڕوو، ''دوای 2ـی حوزەیرانیش، دابەشکردنی کارتی دەنگدان لە بنکەکانی بایۆمەتری بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ راگیرانی پڕۆسەکە دیاری نەکراوە".
 
وەک بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، لەوانەی ساڵی 2023 تۆماری بایۆمەترییان کردووە، 110 هەزار کەس لە هەولێر، 50 هەزار کەس لە دهۆک و 160 هەزار کەسیش لە سلێمانی کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
 
نەبەرد عومەر، لەبارەی ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە مانگی دوو و مانگی سێی ئەم ساڵیش تۆماری بایۆمەترییان کردووە رایگەیاند، ئێستا کارتەکانیان ئامادەیە و بەگشتی نزیکەی 143 هەزار کەس دەبن و دەتوانن بچن کارتەکانیان وەربگرنەوە.
 
دوێنێ چوارشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە، رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، نەبەرد عومەر دەڵیت، ''چاوەڕێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین وادەیەکمان بۆ دیاری بکات".
 
رۆژی 07-07-2024 تەمەنی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دەهات، بەڵام 22-05-2024 پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تاوەکو 07-01-2025 پەسند کرد، ئەوەش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
پێشتر کۆمیسیۆن دەستی بە رێکارەکان کردبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو لە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بکرێت، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت، بەڵام ئێستا دووبارە دەستیکردووەتەوە بە رێکارەکان.