کەمبارانی زیانی 80 بۆ 100 ملیار دیناری بە جووتیارانی دهۆک گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
کەمبارانی زیانێکی گەورەی بە کەرتی کشتوکاڵ و بەتایبەتی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی دهۆک گەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، زیانەکان لەنێوان 80 بۆ 100 ملیار دینارە. جووتیارێک دەڵێت، نزیکەی 100 ملیۆن دیناری لە چاندنی گەنمدا خەرجکردووە، بەڵام پارە و ماندووبوونەکەی بەهەدەرچووە.
عەبدی حەمەد، جووتیارێکی قەزای سێمێلە و یەکێکە لەوانەی بەهۆی کەمبارانییەوە زیانی بەرکەوتووە. ئەو دەڵێت، "سەد تەغار (نزیکەی 25 تۆن) گەنممان چاندبوو. لەگەڵ کڕینی تۆو و مادەی کیمیایی، نزیکەی سەت ملیۆن دینار زەرەرمەند بووین. هەندێک جووتیاری دیکە 200 ملیۆن و هەندێکی تریش 250 ملیۆن دینار زەرەریان کردووە."
ئەو جووتیارە دەڵێت، "تەنیا نرخی یەک تەن مادەی کیمیایی ملیۆنێک و سەد هەزار دینار بوو، تۆویش گران بوو، نزیکەی تەنێک گەنم بە 600 بۆ 700 هەزار دینار بوو. جگە لەوەش، دەرمانڕێژکردن و مەسرەفێکی زۆری دیکەشمان هەبوو."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، ئەم ساڵ 945 هەزار دۆنم زەوی پارێزگاکە بە گەنم چێندراوە. لەو رێژەیە، 300 هەزار دۆنمی بەراوە و 645 هەزار دۆنمی دیکەی دێمی بووە. پێشبینی دەکرێت لە کۆی زەوییە دێمەکان، 420 هەزار دۆنمی نەدروێتەوە.
جەمیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ساڵی پار، نزیکەی 75٪ باران کەمتر باریوە. ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئەو گەنمەی پشتی بە باران بەستبوو. بەڵام خۆشبەختانە، رووبەری ئەو زەوییەی ئاودراوە بووەتە دوو هێندەی پارساڵ، چونکە ئەو جووتیارەی سەرچاوەی ئاوی هەبووە، ناچار بووە گەنمەکەی ئاو بدات. واتە بە شێوەیەکی گشتی لە پارێزگای دهۆک، رێژەی بەرهەمی گەنم 50٪ کەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵی پار، ئەمەش بەهۆی کەمبارانییەوەیە."