هاوسەرۆکی دەم پارتی لە بەخاکسپاردنی حەمید گەیلانی دا بەشداری کرد
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەمید گەیلانی، پەرلەمانتاری پێشووی بەدەپەدا بەشداری کرد.
رۆژی هەینی، 30ـی ئایاری 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەمید گەیلانی، نووسەر و شاعیر و سیاسەتڤانی کورد کە پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بوو، بەشداری کرد.
حەمید گەیلانی، رۆژی 28ـی مانگ لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە لە تەمەنی 78 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد کە بەهۆی نەخۆشییەوە زیاتر لە 10 رۆژ لەوێ چارەسەری وەردەگرت.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی زۆر قەرەباڵخدا، لە گۆڕستانی گوندی دێمان سەر بە شارۆچکەی شەمزینان لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان بەخاک سپێردرا.
حەمید گەیلانی لە ساڵی 1947 لە جۆلەمێرگ لەدایکبوو، خاوەنی دوو کتێبی شیعری بوو، ووتارەکانیشی لە رۆژنامە و سایتەکانی تورکیادا بڵاودەکرانەوە.
حەمید گەیلانی لە 7ـی حوزەیرانی 1990 یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی رەنجی تورکیا کە پارتێکی کوردی بوو لە باکووری کوردستان کە دواتر لە 14ـی تەممووزی 1993 داخرا.
ئەو هاونیشتمانییە هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) بوو و لە 23ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی2007-2011 پەرلەمانتار بوو.