پارکی هەواری شاری سلێمانی وەک زبڵخانەی لێهاتووە و خاشاکێکی زۆر تێیدا کۆبووەتەوە

 
رووداو - سلێمانی

پارکی هەواری شار کە بە گەورەترین پارکی سلێمانی، هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت، بەهۆی پاشماوەی خەڵکەوە دیمەنەکەی تێكچووە و هاوشێوەی زبڵخانەی لێهاتووە.
 
بەهۆی پاک رانەگرتنی پارکەکە لەلایەن بەشێک لە هاونیشتمانیان و گەشتیارانەوە، خۆڵوخاشاکێکی زۆر لە کەنار شەقام و باخ و باخچەکان کۆبووەتەوە؛ فڕێدانی ئەو هەموو پاشماوە جۆراوجۆرەش، کاری ژینگەپارێزانی تایبەتی پارکەکەی سەختتر کردووە.
 
هەشت کارمەند بەردەوام خەریکی پاککردنەوەی پارکەکەن، ئەوان دەڵێن، رۆژانە 10 کاژێر زیاتر کار دەکەن، بەڵام هەر شوێنێک پاکدەکەنەوە، شەو پیس دەبێتەوە.
 
سەیوان لوقمان، ژینگەپارێزێکی پارکەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، "کارکردنی ئێمە ئاسان نییە، چونکە وەکو کارکردن نییە لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکان، تەنها کیسە خۆڵێک بێت و بیخەینە ناو ئۆتۆمبێلێک، بەڵکو ئەوەی ئێمە دەبێت ناو باخەکان و ژێر دار و درەختەکان پاکبکەینەوە، چونکە خەڵک شت فڕێدەداتە ئەوێ و لەژێر دارەکانیش مار و مێروو و پارچە داری زۆری تێدایە، هەروەها خەڵک پاکوخاوێنیی ئەو شوێنانە راناگرێت، وەکو خۆشتان بینیتان، هەموو شت فڕێدەدەن."
 
یەحیا عومەر، ژینگەپارێزێکی دیکەیە و دەڵێت، "خەڵک بەزۆری نایلۆن و قاپی سەفەری و سفرە و دەبەی ئاو و قوتووی ساردی و بیرە فڕێدەدات و فڕێی دەدەنە ناو باخەکانەوە، زۆربەی رۆژیش (با) ئەو پاشماوانە فڕێدەداتە ژێر دارەکانەوە و تاوەکو دەریدەکەینەوە هەموو دەستمان بریندار دەبێت."
 
ساڵی رابردوو نیگەرانیی گەورەی باخەوانەکانی پارکی هەواری شار نەبوونی ئاو و وشکبوونی باخچە و سەوزاییەکان بوو، بەڵام ئێستا دەڵێن، ئاو هەیە، بەڵام خەریکە ئاوەدانی لە پارکەکە نامێنێت.
 
حەمە ئەمین محەممەد، زیاتر لە حەوت ساڵە باخەوانی پارکەکەیە و باس لەوە دەکات، "کاری باخەوانی دەکەم و بە ئامێرێک چیمەنە زیادەکان دەبڕم، بەیانیان کە دێینە کار، پێش ئەوەی دەست بە ئیشی خۆمان بکەین، دەبێت ئەو پاشماوانەی خەڵک لاببەین تاوەکو زیان بە دەمی بڕەری جیهازەکانمان نەکەوێت و نەشکێت، ئەو پاکوخاوێن رانەگرتنەوەی پارکەکەش تەواو ئێمەی بێزار کردووە و ساردی کردوینەتەوە لە ئیش، چونکە هەست دەکەین هەوڵەکانمان بە زیادە دەڕوات."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی پارکەکە، رۆژانە نزیکەی 14 تۆن خۆڵ و خاشاک لەو پارکە کۆدەکرێتەوە، بوونی دەیان سەگی بێلانەش کێشەیەکی دیکەی پارەکە گەورەکەیە.
 
رێبین جەمیل، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری خەڵک پاشماوەکەی بەجێدەهێڵێت لەو شوێنەی لێی دانیشتووە، ئەو ژمارە زۆرەی سەگی بەرەڵا کە لە پارکەکەدا هەن زەرفی خۆڵەکان دەدڕن و خۆڵ و خاشاکەکە بڵاودەبێتەوە، هەروەها کە خەڵک خاشاکی خۆی نەکاتە زەرفەوە بەهۆی هەبوونی بای بەردەوام و بەهێزەوە لەم ناوچەیە خاشاکەکان بڵاودەبنەوە و دەچێتە بن دار و درەخت و سەوزاییەکانەوە و هێنانە دەرەوەی زۆر سەخت دەبێت."
 
پارکی هەواری شار 21 زۆنە، چوار هەزار و 500 دۆنمە و لەو ژمارەیەش 20 دۆنمی سەوزایی و باخچەیە، رۆژانەش زیاتر لە دوو هەزار کەس سەردانی دەکەن.