لە 48 کاژێردا 200 هێکتار لە دارستانەکانی مەریوان سووتاون
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی هەینییەوە ئاگر لە دارستانەکانی دەوروبەری مەریوان کەوتووەتەوە و دەسووتێت. وێڕای ئەوەی فەرمانگەی سەرچاوە سرووشتییەکانی مەریوان رۆژی شەممە رایگەیاند، کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام هێشتا بڵێسە دەکات.
شەوی رابردوو دوو تیمی ژینگەپارێزانی مەریوان، تاوەکو بەیانی خەریکی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە بوون، ئەمڕۆش چەندین تیمی دیکە چوونەتەوە بۆ کوژاندنەوەی.
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا داوای لە خەڵک کرد بەهانایانەوە بچن و دەڵێت، بەهۆی با و نەبوونی پێداویستیی ستانداردی ئاگرکوژێنەوە، ئاگرەکە بەردەوام پەرە دەستێنێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە 48 کاژێری رابردوودا لانیکەم 200 هێکتار دارستان لە پێنج ناوچەی مەریوان سووتاوە. دارستانەکانی ئەسراوا، رەشەدێ، گومارەلەنگ، شێخەکوێرە و پیرانەکۆن ئەو شوێنانە بوون کە ئاگریان لێکەوتووەتەوە. سەرچاوەیەک لە مەریوان بە رووداوی گوت، لە دوو مانگی رابردوودا 54 جار ئاگر لە دارستانەکانی ئەو شارە کەوتووەتەوە و 300 هێکتار دارستان سووتاوە.
ئەو سەرچاوە باسی لەوەش کرد، لانیکەم 75%ی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، مرۆیین و هەندێکیان بە ئەنقەست ئاگر لەو دارستانانە بەردەدەن، بۆئەوەی یان لەوەڕگەکان بڕووتێننەوە و بیانکەنە زەوی، یان دارەکان بکەنە خەڵووز و بیفرۆشن، بەڵام هۆکارە سەرەکییەکە بە کەمتەرخەمیی دامودەزگا حکومییەکان دەزانێت و دەڵێت، زۆربەی ئەو دامودەزگایانە، جگە لە نەبوونی پێداویستی و هێزی تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، لە زۆر ناوچە چاوپۆشی لە ئاگرکەوتنەوەکان دەکەن.
ئێرە دارستانەکانی جوانڕۆیە کە ئەمڕۆ ئاگری لێکەوتەوە و ژینگەپارێزانی خۆبەخش بەم شێوەیە کۆنترۆڵی دەکەن. هێلیکۆپتەری رێکخراوی پاراستنی ژینگەی لوڕستانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی وەیسیانی چگنی، فڕیون، بەڵام ئەوانەی لەگەڵی دەڕۆن زۆربەیان ژینگەپارێزانی خۆبەخشن.
ئەم دۆخە لە ئاگرکەوتنەوەکانی دوو هەفتەی رابردووی ناوچەی بووزین و مەڕەخێڵی کرماشانیش بەو شێوە بوو، بە هەوڵی ژینگەپارێزان کۆنترۆڵ کرا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوو مانگی رابردوودا لانیکەم دوو هەزار هێکتار دارستانی زاگرۆس سووتاون.