لایەنگرانی بەرەی تورکمانی رێگەی کەرکووک - هەولێر دادەخەن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی کە لە بەیانیی ئەمڕۆوە خۆپێشاندان دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ دەکەن، لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک ئاگریان کردووەتەوە و بۆ ماوەیەک رێگەکەیان داخست.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە کادیرانی بەرەی تورکمانی و بەشێک لە چەکدارانی حەشدی تورکمانی، ئەحمەد رەمزی، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمانی و بەرپرسانی رێکخراوی بەدر و بەرەی تورکمانی لە ناحییەکە لەنێو خۆپێشاندەراندان.
لایەنگرەکان داوای یەکێک لە سێ پۆستە گرنگەکەی پردێ لەنێوان پۆلیس، شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحیە دەکەن.
پەیامنێری رووداو لە شوێنی خۆپێشاندانەکە ئاماژەی بەوە کرد، قسەی خۆپێشاندەران ئەوەیە بەردەوام دەبن تاوەکو یەکێک لەو سێ پۆستە گرنگەی شارۆچکەکەیان پێدەدرێت.
بەڕێوەبەری نوێی شارەوانیی پردێ، ژنێکی کوردە و خەڵکی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووکە.
زانیاری لەبارەی خۆپێشاندانەکە و داواکاریی خۆپێشاندەران
لەکاتی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی شارەوانیی پردێ، خۆپێشاندەران لە پۆلیس و پاسەوانی سەرۆکی شارەوانییان داوە و زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاندووە.
بەرەی تورکمانی خۆی یەک بەرەیە، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز کار دەکەن. ئەحمەد رەمزی کە سەر بە ئەرشەد ساڵحییە، لەنێو خۆپێشاندانەکەیە. هاوکات بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە پردێ لەنێو خۆپێشاندانەکەدا نییە.