بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ: لە کۆی 17 پۆستی ناحیەکەمان 12 پۆست لەلای تورکمانە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی، کە لە بەیانیی ئەمڕۆوە خۆپێشاندان دژی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ شارەوانیی پردێ دەکەن، لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک ئاگریان کردووەتەوە و بۆ ماوەیەک رێگەکەیان داخست. بەڕێوەبەری ناحیەی پردێش دەڵێت، تورکمانەکان داوای یەکێک لە سێ پۆستە گرنگەکەی پردێ لەنێوان پۆلیس، شارەوانی و بەڕێوەبەری ناحیە دەکەن.
 
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 17ی رووداودا، کە شەهیان تەحسین پێشکیشی دەکات، رایگەیاند، "بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک سەردانی شارەوانی پردێی کرد و نووسراوێکی لە وەزارەتی شارەوانییەکانی عێراقەوە هێنا، کە ئافرەتێک دیاریکراوە ببێتە سەرۆکی شارەوانی پردێ بۆماوەی شەش مانگ، دوایی لایەنی کارگێڕی پردێ کۆمەڵێک خەڵک هەڵبژێرێت و ناوەکان بنێرنە بەغدا بۆ پەسندکردنی یەکێکیان."
 
بەڕێوەبەری نوێی شارەوانیی پردێ، ژنێکی کوردە و خەڵکی گەڕەکی رەحیماوای کەرکووکە. بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ گوتی، "لە ژووری کۆبوونەوەدا دانیشتبووین و بەڕێوەبەرە نوێیەکەی شارەوانیش ئامادەبوو، لەناکاو سەرۆکی بەرەی تورکمانی پردێ و بەرپرسی حەشدی تورکمانی پردێ و نوێنەری رێکخراوی بەدر لە پردێ، هات و هاواریان کرد و گوتیان ئەم شارە شارێکی عوسمانلییە و قبووڵمان نییە ئەم کارە بکرێت."
 
بەرەی تورکمانی خۆی یەک بەرەیە، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز کار دەکەن. ئەحمەد رەمزی کە سەر بە ئەرشەد ساڵحییە، لە خۆپێشاندانەکەدا بەشداربوو.
 
بە گوتەی عەبدولموتەڵیب، "خۆپێشاندانەکەیان بەبێ رێگەپێدان کرد و بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک شەقامی سەرەکییان داخست، لەوێوە هاتنە لای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و دوو پۆلیسمان بریندار بوون و شووشەی چەند ئۆتۆمبێلێکیان شکاند، دواتر شەقامی هەولێر - کەرکووکیشیان داخست."
 
وەک بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ ئاماژەی پێدەکات، "لە کۆی 17 پۆستی شارۆچکەکە 12 پۆست لەلای تورکمانە، لەوانە، بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکان، بانک، دادنووس، وەقفی سوننی و پۆلیسی فریاکەوتن."
 
لەبارەی چارەسەری گرفتەکە باسی لەوە کرد، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە ئەمڕۆ لەگەڵیاندا کۆبووەوە، پێی گوتن لیژنەیەک پێکدەهێنین و لەگەڵ بەرپرسی حیزبەکان و پارێزگاردا دادەنیشین بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، ئەوانیش دەیانگووت تەنیا دوو رۆژ مۆڵەتتان پێدەدەین بۆ چارەسەرکردنی."
 
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین گوتیشی، "بڕیاریانداوە لەلای گۆڕستانی پردێ خێوەت هەڵدەن و تێیدا بمێننەوە، دەڵێن تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت واز ناهێنین لە خۆپێشاندان و گردبوونەوە."
 
شارۆچکەی پردێ دەکەوێتە قەزای دووبز لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووکەوە دوورە.