لە سۆران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلە روویدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بوومەلەرزەیەک سۆرانی هەژاند؛ بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، گوڕەکەی 4 پلە بووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "کاژێر 07:14 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی رێختەر لە دووری 6 کیلۆمەتر لە قەزای چۆمان روویداوە".
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی شەش کیلۆمەتر بووە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بە رووداوی گوت، "چەقی بوومەلەرزەکە گوندی بێسۆک بووە لە نزیک سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا".
 
بە گوتەی ئەو شارەزایە، "بەهۆی بوومەلەرزەکە دیواری چەند ماڵێکی سنووری سۆران درزی بردووە".