فڕۆکەخانەی کەرکووک: بەهۆی کەوتنی مووشەکەوە کارمەندێکمان بریندار بوو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەركووک دەڵێت، کاژێر 11:30 خولەکی ئەمشەو سێ مووشەک "کە سەرچاوەکەیان نادیار بوو" لە فڕۆکەخانەکە کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بوو.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "دوو لە مووشەکەکان لە بەشی سەربازیی فڕۆکەخانە و یەکێکیان لە بەشی مەدەنی کەوتنە خوارەوە."
سەبارەت بەو ئاگرەی لە فڕۆکەخانەکە کەوتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: "لەلایەن تیمە پاڵەوانەکانی بەشی ئاگرکوژێنەوەی سەر بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە کوژێنرایەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە: "هێرشەکە بووە هۆی برینداربوونی کەسێک بە سووکی و هیچ زیانێک بەر رێڕەوی فڕۆکەکان نەکەوتووە، هەروەها هەموو دامەزراوەکانی فڕۆکەخانە سەلامەتن و سوپاس بۆ خوا. وەڵامدانەوەی خێرا لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە پاڵەوانەکانی کەرکووک و ئەو هێزانەی لە دەوروبەری فڕۆکەخانە جێگیرکراون هەبوو، کە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بڵاوەیان پێکرا. هیچ هەڕەشەیەک لە ئارادا نییە و رووداوەکە کاریگەری لەسەر خشتەی گەشتەکان نابێت."